گەنجێک لە سۆران بە فیشەک خۆی کوشت

گەنجێكی تەمەن ۲٥ ساڵ لە گوندێکی سنووری شارۆچکەی سۆران بە فیشەک کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.


بەرەبەیانی ئەمڕۆ، گەنجێکی دانیشتووی گوندی نزاری-ی شارەدێی سیدەكانی سەر بە شارۆچکەی سۆران لە پارێزگای هەولێر، بە فیشەک کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

هاوار ئەرگۆشی، وتەبێژی پۆلیسی سۆران، هەواڵەکەی بۆ ڕۆژنیوز پشتڕاستکردەوە و ڕوونیکردەوە:"گەنجەکە بە بریندارییی گەیەندراوەتە بنكەی تەندروستیی گوندەكە و پاشان بەهۆی سەختیی برینەكەیەوە، ڕەوانەی نەخۆشخانەی شارۆچكەی سۆران کراوە، پاش چەند كاتژمێرێک مانەوەی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەسداوە".

ئەوەشی خستەڕوو:"گەنجەکە ناوی سیروان ئیسماعیل خدر بووە و تەمەنی ۲٥ ساڵە و خێزندارە و منداڵێكی تەمەن ٦ مانگانی هەیە".

لەبارەی هۆکاری خۆکوشتنەکەیەوە، وتەبێژی پۆلیسی سۆران ڕایگەیاند:"بەپێی وتەی كەسوكارەکەی، ئەو گەنجە خۆی گوللـەی لەخۆی داوە، ئەوەش بەهۆی بوونی كێشەی كۆمەڵایەتییەوە، دەستبەجێ پەڕاوی لێكۆڵینەوەش بۆ ڕووداوەكە كراوەتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆش هاوڵاتییەک بەناوی (ت،أ،أ) لەدایكبووی ساڵی ١٩٧٠-ی دانیشتووی گەڕەكی بەكرەجۆی شاری سلێمانی، بەچەكی جۆری كڵاشینكۆف كۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

بە پێی ئامارێک کە ڕۆژنیوز ڕۆژانە لای خۆی کۆی کردوەتەوە، لە سەرەتای ئامساڵەوە تا ئێستا ١٥٤ کەس لە باشوری کوردستان کوژراون یان خۆیان کوشتووە.

ب.ل