گەنجێک هاوڕێیەکی خۆی بە فیشەک کوشت

پۆلیسی گەرمیان ڕایدەگەیەنێت، لە شارۆچکەی کفری گەنجێک بە هۆی دەمەقاڵێوە، هاوڕێیەکی خۆی بە فیشەک کوشتووە.


ئەمڕۆ، لە شارۆچکەی کفری سەر بە ئیدارەی گەرمیان، گەنجێک لەلایەن هاوڕێیەکی خۆیەوە بە فیشەک کوژرا.

ڕائید عەلی قەدوری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: لە شارۆچکەی کفری گەنجێک بەناوی ژیار کەمال لەگەڵ هاوڕێیەکیدا دەبێتە دەمەقاڵێیان، لە ئەنجامدا هاوڕێکەی فیشەکێکی پێوەدەنێت و بەسەختیی برینداری دەکات، دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە شارۆچکەی کەلار، ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی کراوە و دواتر بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە، لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی گیانی لەدەستداوە.

ئەوەشی خستەڕوو: تۆمەتبارەکەش کە ناوی (ا،ب،ع)ە، بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی ٤٠٥ی یاسای سزادانی عێراقیی دەستگیرکراوە و ڕەوانەی زیندان کراوە.

بەوتەی وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، بۆ زانینی چۆنییەتی ڕووداوەکە، پۆلیسی شارۆچکەی کفری دەستی بە لێکوڵینەوە کردووە.

بەپێی ئامارێك، كە ڕۆژنیوز ڕۆژانە لەگەڵ ڕووداوەكان لای خۆی تۆماریكردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئەمڕۆ، ١٩٦ كەس لە هەردوو ڕەگەز لە باشوری كوردستان كوژراون یان خۆیان كوشتووە، كە زۆربەیان ژنن، ئەمە بێجگە لەو كوشتنانەی، كە بەهۆی كردەوەی تیرۆرستییەوە ڕوودەدەن و ئەوانەی كە بە ڕۆژنیوز نەگەیشتوون.

ب.ل