گەڕەكێکی شاری کەرکوک ٢٠ ڕۆژە بێ ئاوی خواردنەوەیە

بەشێک لە کۆڵانەکانی گەڕەكی فەیلەقی شاری كەركوك، ماوەی زیاتر لە ٢٠ ڕۆژە ئاوی خواردنەوەیان پێناگات، لە ئێستاشدا بە تانكەر ئاو دەگەیەنرێت بە ماڵەکانی گەڕەکەکە، لایەنە پەیوەندیدارەکانیش هۆکاری کێشەکە بۆ فراوان بوونی شارەکە دەگەڕێننەوە.


فەیلەق، یەكێكە لە گەڕەكەکانی شاری کەرکوک کە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە دروست بووە و ئاوارەكانی دەورووبەری شارەکەی تێدا نیشتەجێیە، گەڕەكەکە بە پێی سیستەمی دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە دابەش بووە بەسەر چوار كەرتدا، هەریەك لە كەرەتەكانی دوو و سێ  ماوەی زیاتر لە ٢٠ ڕۆژە ئاوی خواردنەوەیان پێ ناگات.

لە بارەی بێ ئاوی لە گەڕەکەکەیاندا مەلیحە محێدین، كە خەڵكی شارۆچكەی حەویجەیە و وەک ئاوارە لەو گەڕەكە نیشتەجێیە، بەمجۆرە باسی لە كێشەی كەم ئاوی لە گەڕەکاکەیان بۆ ڕۆژنیوز کرد "پێشتر چوار یان پێنج ڕۆژە جارێك ئاوی خواردنەمان لە ڕێگای بۆرییەوە پێدەگەیشت ئێستا ماوەی ٢٠ ڕۆژە دڵۆپێك ئاو نەهاتووە، ئێستاش زیاتر لە ٢٠ ڕۆژە ئاومان پێ نەگەیشتووە، دەچینە هەر شوێنێك دەڵێن: هەوڵدەدەین بۆتانی چارەسەر بكەین، بەڵام هەمووی بەڵێن دەدات و كار ناكەن".

وتیشی: ئێستا عەسایبی ئەهل حەق ڕۆژانە بە تانكەر ئاومان پێدەدەن و ڕۆژی تانكیەك پڕ دەكەین، ئێمە ئاوارەین و دەرەبەدەر بووین داعش ماڵ و ژیانی لێسەندین ئێستاش لێرە ئاو نیە بیخۆینەوە بۆ دەبێت تا مردن ئاوارە بین.

هەر لەسەر ئەو پرسە سەوەرە حەسیب، کە دانیشتوویەکی دیکەی گەڕەكەكەیە قسەی کرد و وتی: "لە دوای جەژنی قوربانەوە ئاوی خواردنەوەمان نییە ئەوە كۆڵانێكە لە پشتمانەوە دوو ڕۆژ جارێك ٥ بۆ ٦ كاتژمێر ئاویان پێدەگات لە ڕێگای بۆرییەوە چەندین جار سەردانی كاربەدەستانی فەرمانگەی دابەشكردنی ئاوی كەركوكمان كردووە، بەڵام ئەوانیش هەر دەڵێن ئەمڕۆ نا سبەی ئەوان دەمیان هەیە قسە بكەن بەڵام گوێچكەیان نیە ببیستن".

دەشڵێت: "ئێمە كەسمان نیە و هەژارین و ئاوارەین، گەر هاوڕێیانمان نەبێت لە عەسایب ئەوا گەڕەكەکە چۆڵدەكرێت چونكە ئاوی خواردنەوە نیە".

سەباح قادر عەلی، دانیشتووی هەمان گەڕەک وتی "ماڵی من زیاتر لە سێ مانگە ئاوی بۆری پێناگات، بە تانكەر ئاومان پێدەگات ئاخر دەبێت من ڕۆژنە دوای تەنكەر بكەوم بڵێم ئاوم پێدە بدە، دوو كوڵانی پشتەوە ئاو خەریكە دەیبات بەڵام ناگات بەم كۆڵانە".

لەبری حکومەت گروپێکی چەکدار ئاو بە تانکەر بۆ دانیشتوانی گەڕەکی فەیلەق دابین دەکەن، لەو بارەیەوە موهەند ئەحمەد، بەپرسی كەرتی فەیلەقی عەسایبی ئەهل حەق، وتی: "ڕۆژانە بە چوار تانكەر ئاو بەسەر ماڵەكان دابەش دەكەین كاتژمێر شەش و نیوی بەیانی دەست بە دابەشكردنی ئاو دەكەین، تاوەكو ٣ی ئێوارە، گەڕەكەکە خەڵكێكی هەژارن گەر هەژار نەبن لەم وێرانەیە نیشتەجێ نابن".

لای خۆیەوە جیهان محەمەد، جێگری بەڕێوەبەری دابەشكردنی ئاوی كەركوك بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: "هیچ گەڕەكێكی ئەم شارە نیە كێشەی ئاوی خواردنەوەی نەبێت، كێشەكە ئەوەیە ڕووبەری كەركوك تا دێت فراوانتر دەبێت، بۆیە ئێمە ناتوانین بە زووی ئەو هەموو ئاوە دابەش بكەین، تەنها یەك وێستگەی ئاو هەیە لە دووبز كە ئاو دەگەێنێت بە كەركوك، بۆیە هەندێ كۆڵان بەرزە و بە ئاسانی ئاوی خواردنەوەی پێ ناگات".

ک.س