یادی عاشورا لە بەرزنجەیش کرایەوە

بەشێک لە شێخانی بەرزنجە و شیعە مەزهەبەکانی هەرێمی کوردستان، لە شارەدێی بەرزنجە یادی عاشورایان کردەوە.


ئێوارەی ئەمڕۆ، لە مزگەوتی گەورەی شارەدێی بەرزنجە، بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی بەرچاو لە شێخانی بەرزنجە و نوێنەری عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق و پەیڕەوانی شیعەمەزهەب لە ژنان پیاوان، یادی عاشورا بەڕێوەچوو.

لە مەراسیمەكەدا چەند وتارێك پێشکەشکران، كە باسییان لە مێژووی عاشورا و هەروەها مێژووی سازكردنی یادی عاشورا دەكرد لە شارەدێی بەرزنجە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی كە هەردوو مەرقەدی (شێخ موسا و شێخ عیسا) كە دەوترێت نەوەی ئیمام كازم-ن لە بەرزنجە بوونیان هەیە و ساڵانە یادی عاشوورا دەكرێتەوە.

لە بەشێكی تری مەراسیمەكەدا چەند هۆنراوە و شیعر و سرودی ئاینی پێشکەشکران، كە گوزارشتبوون لە وەسفی ئیمام حسێن و ئیمام حەسەن و چەند ئیمامێكی تری شیعەکان.

ئەوەی مەراسیمەكەی بەرزنجەی لە مەراسیمەكانی دیکەی عاشورا جیادەكردەوە، ئەوە بوو كە شێخانی بەرزنجە لە راسیمەكەدا شینیان نەدەگێڕا و لە خۆیان نەدەدا، چونكە پێیان وایە كە ئەوە كارێكی هەڵەیە و ئیمام حەسەن و حسێن ئەو كارەیان پێناخۆشە.

لە دوای كۆتایی هاتنی مەراسیمی عاشورا، هەر لە ناو مزگەوتەكەدا نان و خوان ئامادەكرابوو بۆ میوانان و ئامادەبووانی مەراسیمەكە، كە ئەوەش وەك نەریتێكی یادی عاشورا دادەنرێت لە ئامادەكردنی نان بۆ ئەو كەسانەی بەشداردەبن لە یادەکەدا.

 

ب.ل