یارییە فۆلكلۆرییەكان شەوانی ڕەمەزان گەرمتر دەكات

یارییە فۆلكلۆرییەكان بەتایبەت یاری کڵاوێن، شەوانی مانگی ڕەمەزان لە شاری هەولێر گەرمتر دەكات، سەرۆكی ناوەندی حەیران بێژانی كوردستانیش دەڵێت: ساڵانە خولی تایبەت بەو یارییانە دەکەینەوە و دەمانەوێت لە ڕێگای ئەو یارییانەوە كلتوری باوباپیرانمان بە زیندویی بهێڵینەوە.


جگە لە خواپەرستی و عیبادەت و ڕۆژوگرتن، مانگی ڕەمەزان لە شاری هەولێر تایبەتمەندیی خۆی هەیە، ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتیان شەوانە لە دوای بەربانگ تا پارشێو خەو لە چاویان دەتۆرێ و کاتەکانیان بە سەردانی شوێنەگشتییەكان و یارییە فۆلكلۆرییەكان بەسەر دەبەن، لە هەموو شار و شارۆچكە و گوندەكانیش لە شەوانی مانگی ڕەمەزاندا چەند شوێنێك بۆ یارییە كۆن و فۆلكلۆرییە كوردەوارییەکان تەرخان دەكەن بە یارییەكانی وەك سینی و زەرف یان (سینی سینیانێ) و كەڵەمستانێ یان (كڵاوێن) و چەندین یاری دیكەی كۆن و فۆلكلۆریی شەوانی ڕەمەزان بەسەر دەبەن.

جگە لە یاری سینی و زەرف یەکێک لەو یاریانەی لە هەولێر دەکرێت یاری كەڵەمستانێ (كڵاوێن)ە کە یارییەکە بە هەشت کڵاو لە نێوان دوو گروپدا دەکرێت و یەکێک لە گروپەکان زارێک یان ئەنگوستیلەیەک بەشێوەی نهێنی دەخەنە ژێر یەکێک لە کڵاوەکان دواتر گروپی بەرامبەر بۆچوونی خۆی دەڵێت لەسەر ئاشکراکردنی شوێنی زارەکە و یارییەکە بە چوار یان شەش کەس دەکرێت.

ئەمیر حەسەن حەیران، سەرۆکی ناوەندی حەیران بێژانی کوردستان، لەسەر یارییەکان بە ڕۆژنیوزی وت: ئێمە وەكوناوەندنی حەیران بێژان ساڵانە لە مانگی ڕەمەزان و لەدوای ڕەمەزانیش لە پاركی شانەدەر چالاكییمان هەیە بۆ هێشتنەوەی كەلتوری باوباپیرانمان و دەمانەوێت نەوە لەدوای نەوە ئەم كەلتورە بە زیندوی بهێڵینەوە.

وتیشی: لەسەرەتای مانگە ڕەمەزانەوە لە نێو پاركی شانەدەر بەبەشداری ٦٤ یانە خولێكی كەڵەمستانێ یا (كڵاوێن)مان كردۆتەوە بەر لە تەواو بوونی مانگی ڕەمەزانیش خولەكەمان كۆتایی دێت جگە لەو یاریانە لێرە شەوانە گۆرانی و حەیران و بەستەو مەقام لەلایەن هونەرمەندانی دێرینەوە دەگوترێتەوە.

ئەزوەر میرانی، یەكێک لە یاریزانە درێرینەكانی كەڵەمستانێ )كڵاوێن(ە هیوا خوازە ئەو یاریانە بە تەنها لە مانگی ڕەمەزان نەكرێنەوە، بەڵكو بەردەوامیان هەبێت بۆ ئەوەی كەلتوری كوردەواری هەمووكات بە زیندوی بمێنێتەوە.

هەروەها یوسف سەرنگەر، گەنجێكی دیکەی شاری هەولێرە و لە بارەی یارییە فۆلکلۆرییەکانەوە دەڵێت: ئەو چالاكیانە گرنگی تایبەتی خۆی هەیە بە تایبەت بۆ ئێمەی گەنج چونكە بەشێكی زۆر لە گەنجان تاوەكو ئێستا ئاشنا نەبوون بە كلتوری كودەواری بۆیە ئەو چالاكییانە زۆرگرنگە بۆ گەنجان هیوادارین بەردەوامیی هەبێت .

محەمەد عەزیز، سەرۆكی یەكێك لە یانەكانی كەڵەمستانێ (كڵاوێن)ی سنوری دەشتی هەولێر، دەڵێت: ئێمە لە ساڵی ١٩٩٥ەو ئەو یارییانە دەكەین بە بەردەوامی لە هەرشوێنێك خول یان فیستیڤاڵ هەبووبێت بەشداریمان كردوە ڕەخنە لە بەرپرسانی حكومەت و كار بەدەستانی شاری هەولێر دەگرین، چونكە وەك پێویست هاوكار و پاڵشتی ئێمە نەبوون، بۆ نمونە ئێمە ئەمساڵ و ساڵی پاریش لە چەندین خول پلەی یەكەممان بەدەستهێناوە بەڵام تاوەكو ئێستا نە كەس خەڵاتی كردوین و نەكەسیش دەستی خۆشی لێكردوین.

ک.س