یاریی ئاگرین دوومنداڵی سوتاند و تەزووی کارەباش لەهاوڵاتیەک دەدات

لە سنوری شارۆچکەی کەلار، دوومنداڵ بەهۆی ئەوەی یاری ئاگرین دەخەنە نێو بەرمیلێکی نەوتەوە بەرمیلەکەیان پێدا دەتەقێتەوە، لە ڕووداوێکی دیکەشدا تەزووی کارەبا لەهاوڵاتیەک دەدات.


عەلی جەمال قەدوری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، ڕایگەیاند: ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە یەکەم ڕۆژی جەژن، لە شارەدێی ڕزگاری سەربە شارۆچکەی کەلار دوو منداڵ یاری ئاگرین (تەرەقە) دەخەنە نێو بەرمیلێکی نەوتەوە و بەوهۆیەوە بەرمیلە نەوتەکە پێیاندا تەقیوەتەوە و بە هۆیەوە برینداربوون.

وتیشی: دوو منداڵەکە تەمەنیان هەشت ساڵ و حەوت ساڵە، ڕوونیشیکردەوە بەهۆی سەختی برین و ڕێژەی سوتانەکەیانەوە منداڵەکان ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی کراون.

هەر بەپێی ڕاگەیەنراوی پۆلیسی گەرمیان، هەر دوێنێ لە شارەدێی ڕزگاری سەر بە شارۆچکەی کەلار تەزووی کارەبا لەهاوڵاتیەک دەدات و بریندار دەبێت پاش گەیاندنی بە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شەهید هەژار لەکەلار و وەرگرتنی چارەسەری پێویست، ڕەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کراوە.

ک.س