"۹۹٪خۆکوشتنەکان لە بنەڕەتدا کوشتنن"

دادوەرێک ئاشکرای دەکات، کە ٩٩٪ی ئەو کەیسانەی لە دادگای سلێمانی بەناوی خۆکوشتنەوە تۆمار دەکرێن، لە بنەڕەتدا کوشتنن، بەڵام بەبێ بەڕێوەچوونی ڕێکارە یاساییەکان وەک خۆی، کەیسەکان دادەخرێن.


ئەمڕۆ لە کامپی نوێی زانکۆی سلێمانی، لە لایەن سەنتەری یەکسانی جێدەریی، گفتوگۆیەکی کراوە لە ژێر دروشمی'ڕەهەندەکانی خۆکوژیی و هۆشیارکردنەوەی تاک' بەڕێوە چوو.

لە سیمینارەکەدا بەشێکی زۆر لە مامۆستایانی زانکۆ بەشداربوون و هەریەک لە ناسیح فەتاح مامۆستای زانکۆ، عەمید سەرکەوت عومەر بەرێوبەری بەرێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە سلێمانی و دادوەر ناز میرزا بابەتەکانی گفتوگۆکراوەکەیان پێشکەش کرد.

د ناسیح فەتاح، کە کەسایەتییەکی ئاینییە، ئاماژەی بەو هۆکارانە کرد، کە وادەکات کەسەکان لە خۆکوشتن پاشگەز بکاتەوە و بە دیدی ئەو، "دەبێت هاوکاریی کەسەکە بکرێت، کە بەرەو گەشبینیی هەنگاو بنێت و ژیانێکی نوێ بئافرێنێت، هەروەها هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانیان بدەین".

پاشان، سەرکەوت فاتیح، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، باسی لە حاڵەتی کوشتن و خۆکوشتن و سووتان و خۆسوتاندن کرد و ئاماری ۲۰۱٥-۲۰۱۹ی خستە ڕوو و وتی: حاڵەتی سووتانەکان زیاتر لە دەروەی شارەکانن و ئامارەکانی خۆکوشتنی ژنان لە شەش مانگی ئەمساڵ بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو زیادی کردووە، ٧٠٪ی ژنانیش لەڕێگەی خۆسووتاندنەوە کۆتایی بە ژیانیان دەهێنن.

بەپێی ئامارەکەی بەڕێوبەرایەتیی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، تەنها لە حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا و لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ٦ حاڵەتی کوشتن،١١حاڵەتی خۆکوشتن، ٢٠ خۆسووتان و ٣٥ حاڵەتی سووتان تۆمار کراوە.

دواتر دادوەر ناز میرزا، کە ٢٤ ساڵ لە دادگای سلێمانی کاری کردووە و ٢٠١٤ لەو دادگایە نەماوە، باسی لەوەکرد، زۆربەی ئەو کەیسانەی دەچنە بەردەمیان بەناوی خۆکوشتنەوەیە و کەیسەکانی ژنان، زۆرینەی لەژێر ناوی خۆکوشتن ون دەبێت، وتیشی:"بە پێی ئەو کەیسانەی من بینیومە و لە ماوەی ۲٤ساڵای کە لە دادگا بووم و هاتووەتە لام، ٩٩٪ی خۆکوشتنەکان کوشتن بووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لێکۆڵینەوە لاوازە، دادگا ئیفادەی یەکەم لەکاتی ڕووداوەکە قبوڵ ناکات و دواتر بە سوڵح یان تەنازول کردن بۆیەکتر کەیسەکە دادەخرێت، ڕێکارە یاساییەکان وەکو خۆی ئەنجام نادرێن".

بە وتەی ئەو دادوەرە، خۆکوشتن و خۆ سووتانەکانی بەگشتیی دەکەونە تەمەنە ناوەندییەکانەوە، بەتایبەت کاتێک کە ژن هاوسەرگیریی دەکات و کێشەی بۆ دروست دەبێت، ماڵی باوکیشی پشتیوانیی ناکەن، سەرئەنجام پەنا بۆ خۆکوشتن دەبات.

بۆ چارەسەریی ئەو دادوەرە پێیوایە، دەبێت لە هۆکاری خۆکوشتنەکان بکۆڵدرێتەوە بەتایبەت لە ئاستی پەروەردەیی و خێزانیی کاری لەسەر بکرێت، بەپێی دەرئەنجامەکەش چارەسەریی پێشبخرێت.

لەسەر ئەم بابەتە، ئامادەبوانیش سەرنج و پێشنیاری خۆیان خستەڕوو.

ش.ف