بەڕێوەبەرایەتی کامپی هۆڵ لە ڕۆژهەڵاتی سوریا ئامادەکاری دەکات بۆ بەگەڕخستنی گەڕانەوەی کاروانی یەکەمی ئاوارە عێراقییەکان بۆ زێدی خۆیان کە بڕیارە لە هەفتەی داهاتووەوە دەستپێدەکات، ئەوەش دوای نیشاندانی ڕەزامەندی حکومەتی عێراق دێت بۆ گەڕاندنەوەی ٥٠٠ خێزان بۆ ناو عێراق.
دوای چوار ساڵ لە کۆنترۆڵکردنەوەی شوێنەکانیان لە دەست چەتەکانی داعش، دواجار حکومەتی عێراق ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر گەڕاندنەوەی ٥٠٠ خیزانی ئاوارەی عێراقی ناو کامپی هۆڵ لە ٤٥ کیلۆمەتری ڕۆژهەڵاتی حەسەکە، کە لە ساڵی ٢٠١٤وە ئاوارەی ڕۆژئاوای کوردستان بوون کە ژمارەیان دەگاتە ٣٠ هەزار و ٧٣٨ ئاوارە.
سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ گەڕانەوەی ئاوارە عێراقییەکان لە کەمپی هۆڵەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بەتایبەت دوای ڕاماڵینی چەتەکانی داعش، بەڵام لەلایەن حکومەتی عێراقەوە ڕەتکرایەوە.
لە ١١ی ئازاری ٢٠١٩دا، فابریزیۆ کاربۆنی بەڕێوەبەری خاچی سوری نێودەوڵەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت نزیکەی ٢٠ هەزار پەنابەری عێراقی لە خاکی سوریا و بە تایبەت ئاوارەکانی کامپی هۆڵ بگەڕێندرێنەوە بە پێی ڕێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی عێراق لە بەغدا، بەڵام دوای زیاتر لە دوو ساڵ، بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە.
مونیر محەمەد لە ئیدارەی کامپەکە بە ئاژانسی هەواڵی هاواری ڕاگەیاندووە، ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی گەڕانەوەی ئاوارە عێراقیەکانی ناو کامپی هۆڵ بۆ وڵاتەکەی خۆیان دەستپێکردووە، دوای ئەوەی حکومەتی عێراق ڕازی بووە ٥٠٠ خێزان لە ئامێز بگرێتەوە.

مونیر وتیشی، دوای پشکنینی بەڵگەکانی ئاوارەکان و بەدەستهێنانی ڕەزامەندی، لە ڕۆژانی داهاتوودا ١٠٠ خێزان وەک قۆناغی یەکەم دەگەڕێنرێنەوە، دواتر پرۆسەکە بەردەوام دەبێت بۆ گەڕاندنەوەی تەواوی خێزانانەی بڕیاریان لەسەر دراوە.
ی. ک