لە دەرنجامی کاردانەوەی سیاسەتە دەرەکییەکانی تورکیا و گرژتربوونی ناکۆکییەکانی نێوان تورکیا و وڵاتانی ڕۆژئاوایی، سیناتۆرێکی باڵای ئەمریکا ئاشکرای دەکات، کە وڵاتەکەی بە نیازە هێزە سەربازییەکانی لە بنکەی ئاسمانی ئینجەرلیکی تورکیاوە بگوازێتەوە بۆ دوورگەیەکی یۆنان.
سەبارەت بە پلانی ئەمریکا، رۆن جۆنسۆن سەرۆکی لقی ئەوروپای لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا، لەمیانی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی واشنتن ئێکزامنەر رایگەیاندووە: لەبەر ئەو ڕێچکە مەترسیدارەی کە ئەردۆغان لەسەری دەڕوات، ئەمریکا بە نیازە سەربازەکانی لە پێگەی ئاسمانی ئینجەرلیکەوە بگوازێتەوە بۆ بنکەی دەریایی سودا لە دورگەی کریتی یۆنان.
ئەو سیناتۆرە دانی بەوەدا ناوە کە ئەمریکا، یۆنان وەک بە دیل و بژاردەیەکی گونجاو بۆ گواستنەوەی سەربازەکان لە ئینجەرلیک دەبینێت و وتیشی: ئەو ڕێبازە شپرزەی ئەردۆغان لە ناوچەکەدا گرتویەتیەبەر، وا لە واشنتۆن دەکات هاوکاریی سەربازیی خۆی لەگەڵ یۆنان بەهێز بکات.
س.ح