بەڕێوبەری ڕیکخستنەکانی شەنگال ئاماژە بەوە دەکەن کە شەنگال ئارامترین شوێنێ عیراقە و پێویستی بە هێزێکی دیکە نییە و ڕایدەگەیەنن، ئەو هێزەی هێنراوەتە شەنگال بۆ ئارامیی نییە، داواش لە خەڵک دەکەن لەپاڵ خۆبەڕێوبەریی شەنگالدا بن.
لەسەر هێنانی هێز لەلایەن حکومەتی ناوەندیی عێراقەوە بۆ شەنگال و جێگیرکردنیان لە ناوچە سنوورییەکان لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستان و هەندێک شوێنێ دیکە، دەخیل موراد هاوسەرۆکی ئەنجومەنی خانەسۆر و سلێمان حەجی ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی پادێ، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.
دەخیل موراد ڕایگەیاند: بنەمای ڕێککەوتنەکەی نێوان هەولێر و بەغدا ساڵی ٢٠١٧ لە ئۆڤاکۆی دانراوە، لەسەر ئەم ڕێککەوتنە وەک نوێنەری هەموو پیکهاتەکانی شەنگال، سەردانی بەغدامان کرد و لەگەڵ سەرۆکی حکومەت کۆبووینەوە و ئەو ڕێککەوتنەمان ڕەتکردەوە.
وتیشی: سەرەڕای هەموو هەوڵەکانمان، پۆلیسی فیدراڵی عێراقیان هێنایە شەنگال، هاتنی ئەم هێزە مەترسی لەسەر شەنگال دروست دەکات، ئامانجی جێگیرکردنیشیان دابڕینی پەیوەندیی نێوان شەنگال و ڕۆژئاوای کوردستانە، چونکە دەزانن ساڵی ٢٠١٤ هێزەکانی ڕۆژئاوا و پەکەکە ئێمەیان ڕزگارکرد، ئەگەر ئەوان نەبوایان، شەنگالیش نەمابوو، هێزی پاراستنی شەنگالیش دانەدەمەزرا.
لە بەردەوامییدا دەخیل موراد وتی: شەنگال پێویستی بە هێزێکی پاراستنی دیکە نییە، ئێستا خۆبەڕێوبەریی هەیە، یەبەشە و یەژەشە هەیە، هاتنی پۆلیسی فیدراڵی ئاسایی نییە، بەیانی دەستێوەردانی کاروبار و ژیانی خەڵک دەکەن، ڕۆژانە سەدان کەس دیننە ئێرە، دەیانەوێت ئەو سونانەی هاوکاری داعشیان کرد و دەستیان چووەتە خوێنێ ئێزدییەکانەوە بگەڕێننەوە، پێویستە خەڵکی شەنگال بەم تێگەیشتنەوە پشتگیریی خۆبەڕێوبەری بکەن، ئەنجومەنی خۆبەڕێوبەری و یەبەشە تەنازۆل بۆ هیچ هێزێک ناکەن.
دەخیل موراد هەروەها وتی: ئەو هێزەی هێنراوەتە شەنگال بۆ ئارامیی شەنگال نییە، بۆ لەناوبردنی خۆبەڕێوبەریی و هێزەکانی پاراستنی شەنگالە، دەیانەوێت ئەگەر جارێکی دیکە هێرش کرایەسەر شەنگال کەس بە هانای شەنگالەوە نەیەت و ئێزدییەکان بە تەواوەتی لەناو بچن، بەڵام بۆیان بەسەر ناچێت.
هەروەها، سلێمان حەجی وتی: کاتی هێرشەکەی داعش بۆسەر شەنگال، هێزێکی گەورەتر و پڕچەکتری عیراق لێرەبوون، نزیکەی ١٣ هەزار پێشمەرگەش لێرەبوون، بەڵام گولـلەیەکیشیان بەرامبەر داعش نەتەقاند و ئێمەیان جێهێشت و بوونە هۆی کوژران و ڕفاندنی هەزاران ئێزدی.
سلێمان حەجی، وتیشی: یەبەشە و یەژەشە دامەزران و نەیانهێشت چیای شەنگال بکەوێتە دەستی داعش، دەڵێن شەنگال سەقامگیریی تێدا نییە، ئەمە ڕاست نییە، بە پێچەوانەوە ئەو هێزەی هێنراوە دەیەوێت سەقامگیری شەنگال تێکبدات، وەکچون بەرامبەر داعش خۆمان بەدەستەوە نەدا، خۆمان بەدەست هیچ هێزیکی دیکەشەوە نادەین، دەرەوەی هێزەکانی شەنگالیش باوەڕیمان بە هیچ هێزێکی دیکە نییە، قبوڵی ناکەین هێزێک بێت و لە دۆخی شەڕ هەڵبێت، ناوچەیەک ئارامتر لە شەنگال لە عێراقدا نییە، بە تایبەتیش بەغدا نائارامە، نەک شەنگال، شەنگال ناوچەی هەرە ئارامی عێراقە.
ب.ک