بەشێکی زۆری فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان داوا دەکەن، یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان هەمواربکریتەوە و سیستەمی فرە بازنەیی پەیرە بکرێت و دەڵێن: پەدەکە ڕێگرە لە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و پێکهاتەکان نوێنەرایەتیی خۆیان ناکەن، بوونەتە دەنگی پەدەکە.
لەئێستادا پرسی كاراكردنەوەی كۆمسیۆن و هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، لایەنەكانی دابەشكردووە بەسەر دوو بەرەدا و بەرەیەك لەگەڵ ئەوەدایە پێش ئەوەی پرۆژە هەموارەكان ببرێتە ناو پەرلەمان سازانی لەسەر بكرێت و سیستمی هەڵبژاردن بكرێت بە فرە بازنەیی، بەرەكەی تریش كە پەدەكەیە دەیەوێت سیستمی هەڵبژاردن وەك خۆی بمێنێتەوە و لە ناو پەرلەماندا ئەو پرسانە یەكلایی بكرێنەوە.
لەو بارەیەوە، زکری زێباری، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە فراکسیۆنی یەنەکە بە ڕۆژنیوزی وت: پارتی لەگەڵ هەموارکردنەوە یاسای هەڵبژاردندا نییە، چونکە سیستمی یەک بازنەیی لە سوودی خۆی دەبینێت، هەروەها پێکهاتەکانی پەرلەمانی کوردستان نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی خۆیان ناکەن، بەڵکو پێکهاتەکان بوونەتە دەنگ و پشتگریی بۆ پەدەکە لە نێو پەرلەمانی کوردستان.

زێباری وتیشی: زۆربەی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانتارە سەربەخۆکان، لەگەڵ ئەوەدان یاسای هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٢ هەموار بکرێتەوە، جگەلەوەش سیستەمی یەک بازنەیی بکرێت بە چوار بازنە بەسەر پارێزگاکان، تا نوێنەرایەتی هەموو شوێنێک هەبێت لەناو پەرلەمانی کوردستان، گەر سیستەمی فرە بازنەیی بێت، بەنموونە پارێزگای دهۆک ٢١ کورسی پەرلەمانی بەردەکەوێت، لەکاتێکدا ٣٧ کورسی لە سنووری بادینان، لەم خولەی پەرلەماندا هەبووە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەپێی یاسای ژمارە یەكی ساڵی ٢٠٠٥ی سەرۆکایەتی هەرێم، ڕۆژی ١ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵی وەك ڕۆژی ئەنجامدانی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان دەستنیشان كرد.
جەلال محەمەد ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان بە پێویستی دەزانێت، سازانی لایەنەکان هەبێت بۆ کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و یاسای هەڵبژاردن و وتی: بە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن گرفتەکانی بەردەم هەڵبژاردن چارەسەر دەبێت، چونکە یاسای هەڵبژاردن کۆنە گرفتی زۆر تێدایە لەگەل بارودۆخی ئێستا کوردستان ناگونجێت، دەبێت سیستمی یەک بازنەیی بگۆردرێت بۆ فرە بازنەی.

عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان وتی: تاوەکو ئێستا پەدەکە ئامادەنەبووە یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە، لەکاتێکدا سەرجەم فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان ڕێککەوتوین بە سازانی لایەنەکان هەمواری یاسای هەڵبژاردن بکرێت.

دەشڵێت: پێویستمان بە یاسایکی نوێیە بۆ هەڵبژاردن، بەڵام دەرفەت نیە، پێویستە یاسای هەڵبژاردنەکان هەموار بکرێتەوە، هەروەها سیستەمی فرە بازنەی پەیرەو بکرێت و تۆماری دەنگدەران پاک بکرێتەوە، جگەلەوەش پێکهاتەکانی کوردستان لەناوچە جیاجیاکان نوێنەری ڕاستەقیەنەی خۆیان هەڵبژێرن، نابێت لایەنێکی سیاسی پێکهاتەکان لەپێناو خۆی بەکاریان بێنیت.
دوای دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێم ڕایگەیاند، وادەی یاساییان بەسەرچووە و ناتوانن هەڵباردن ئەنجامبدەن.
سیپان ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ بە ڕۆژنیوزی وت: ئێمە لەگەڵ ئەوەداین هەڵبژاردن لەکات و ساتی خۆی ئەنجامبدرێت، هەروەها هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ، جگەلەوەش سیستەمی یەک بازانەی بگۆرێت بۆ فرە بازنەی، چونکە هەبوونی فرە بازنەی هەڵبژاردن دەنگی دەنگدەران دابەش ناکرێت لە نێوان پارێزگاکان.

كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێم كە ئەركی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستانە، تائێستا هیچ ئامادەكارییەكی بۆ هەڵبژاردن نەكردووە و وەك خۆیان دەڵێن: پێویستییان بە شەشە مانگ بۆ ئەوەی بتوانن ئامادەكارییەكان تەواو بكەن.
شێروان زرار، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان بە ڕۆژنیوزی وت: تا ئێستا هیچ ئامادەکاریمان نەکردووە بۆ هەڵبژاردن، تا پەرلەمانی کوردستان ئاگادارمان نەکاتەوە بۆ کاراکردن، هەروەها لەباری یاسای هەڵبژاردن و چۆنییەتی کارکردن لە سیستەمی یەک بازنی یاخود فرە بازنەیی لە نێو پەرلەمان یەکلایی دەکرێتەوە، ئەوکات دەست بە کارەکانمان دەکەن.
ئەو بەرپرسەی كۆمسیۆن وتیشی: دوای ئەوەی پەرلەمان کۆمسیۆن باڵای هەڵبژاردنەکان ئاگادار دەکاتەوە، کۆمسیۆن بڕیاردەدات چەند کاتی پێویستە بۆ کارەکانی، چونکە بەشێوەیەکی ستانداردی جیهانیی بۆ بەرێوەبردنی هەڵبژاردنێکی پاك و بێ کێشە، چونکە کۆمسیۆن ماوەی شەش مانگ پێویستە بۆ تەواوکردنی ئامادەکارییەکانی.
س.س