بە هۆی کەمبونەوەی دەرمان و چارەسەرە پێویستیەکان لە نەخۆشخانەی هیوا، دەستەی داکۆکیکردن لە نەخۆشخانەی هیوا ئەمشەو تا سبەینێ شەونخونی دەکەن، ئەندامێکی دەستەکەش دەڵێت رووی داواکاریەکانمان لە حکومەتی عێراق و هەرێمە.
ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی بە بەشداری زۆرێک لە چین و توێژەکان و ڕێکخراوەکان، دەستەی پشتیوانی لە نەخۆشخانەی هیوا، بە مەبەستی بە دەنگەوە هاتنی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ دابین کردنی پێداویستیەکانی نەخۆشخانەی هیوا، چادریان هەڵداوە شەو لە حەوشەی نەخۆشخانەکە شەونخونی دەکەن.
شاسوار سدیق، ئەندامی دەستەی داکۆکیکار لە نەخۆشخانەی هیوا، سەبارەت بە چالاکیەکەیان بۆ ڕۆژنیوز وتی “ئێمە وەکو کۆمەڵێک لە چالاکوان و هونەرمەند و کەسایەتی و پزیشک و پارێزەر و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، دوای ئەوەی نەخۆشخانەی هیوا ڕایگەیاند مەترسی نەمانی دەرمان و کۆمەڵێ کێشەی دارای گەورەی هەیە، بە پێویستمان زانی سەردانیان بکەین بە مەبەستی زانینی کێشەو گرفتەکانیان”.

ئەندامەکەی دەستەی داکۆکیکاری نەخۆشخانەی هیوا وتیشی: لە سەرەتای مانگی چوارەوە دەستەیەکی داکۆکردنمان دروست کردووە لە کۆی چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بە مەبەستی داکۆکیردن لە نەخۆشخانەی هیوا و تووشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە.
وتیشی: سبەی یاداشتێکمان دەبێت، لەو یاداشتەدا تەواوی کەموکوڕیەکانی نەخۆشخانەکە دەخەینە ڕوو، ئامانجمانە کەسانی ویژدان زیندوو پشتیوانی کەمپینەکەمان بکەن.
ئەوەشی ڕاگەیاند: کەمپینەکەمان ڕووی لە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانە بە شێوەیەکی سەرەکی ئامانجی سەرەکیمان بە دەستهێنانی هاوکاری بەردەوام و بێ بڕانەوەیە بۆ نەخۆشخانەی هیوا.
ها-غ