بەغدا
دیدار و کۆبوونەوەکانی شاندی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان لە بەغدا درێژەی هەیە، لەو چوارچێوەیەدا لەگەڵ هەریەکە لە ڕەوتەکانی حیکمە و سەدر و کوتلەی بابیلۆن کۆبوونەتەوە و تاووتوێی دوایین پێشهاتەکانی عێراقیان لەگەڵ کردوون.
سێ ڕۆژە شاندێکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان بە سەرۆکایەتیی محەمەد عەبدوڵا هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی لە بەغدان بۆئەنجامدانی دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان.
شاندەکە دوێنێ لەگەڵ هەریەکە لە ڕەوتی حیکمە و ڕەوتی سەدر و کوتلەی بابیلۆن کۆبوونەوە، کۆبوونەوەی یەکەمیشیان لەگەڵ ڕەوتی حیکمەی نیشتمانیی بوو، کە بەگەرمیی لەلایەن بەشێک لە بەرپرسان و پەرلەمانتارانی ڕەوتەکەوە پێشوازییان لێکرا.
هاوکات کۆبوونەوەی دووەمیان لەگەڵ ڕەوتی سەدر و کۆبوونەوەی سێیەمیش لەگەڵ کوتلەی بابیلۆنی مەسیحییەکان بوو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان بریتیبوو لە پتەوکردنی پەیوەندیی دۆستانە و هەماهەنگیی کارکردن و ئەنجامدانی کاری هاوبەش بە ئاراستەی دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ دۆخی ئێستای عێراق.
پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداش تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکانی تەڤگەری ئازادیی بوو لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان، شاندی تەڤگەر جەختیانکردەوە کە یەکڕیزیی و پێکەوەژیان چارەسەری قەیران و کێشەکانی ئێستای عێراقە.
هەروەها خراپیی گوزەرانی خەڵک و دوایین پێشهاتە سیاسیی و ئەمنییەکانیش تەوەرێکی دیکە بووە لە گفتوگۆکانی تەڤگەری ئازادیی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان.
بەوتەی محەمەد عەبدوڵا، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی، لێکتێگەیشتن و بۆچوونی هاوبەشیان لەبارەی بەشێک لە پرسەکانەوە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان هەبووە و بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکان.
لە کۆبوونەوەکانیشدا لایەنە عێراقییەکان خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕیوە کە لەگەڵ بۆچوونێکی نوێ و جیاواز لە هەرێمی کوردستانەوە کۆبوونەوە و ڕا گۆڕینەوەیان کردووە.
س.ح