بەهۆی زۆریی ڕێژەی سووتانیانەوە تا ئێستا نەتواندراوە تەرمەکانی ڕووداوەکەی نێوان دوکان-خەلەکان بناسرێنەوە، وتەبێژی تەندروستیی سلێمانیش داوا لە هاوڵاتیان دەکات، هەر کەسێک زانیاریی لەسەریان هەیە هاوکاریان بێت لە دۆزینەوەی کەسوکاری ئەو تەرمانە.
کاتژمێری ٠٤:٠٠ی ئێوارەی ئەمڕۆ د. یاد نەقشبەندی، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی تەندروستی سلێمانی لە بەڕێوبەرایەتی پزیشکیدادی سلێمانی، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی لەسەر ڕووداوی هاتووچۆی نیوەڕۆی ئەمڕۆی نێوان شارۆچکەی دوکان و شارەدێی خەلەکان ئەنجامدا.
د.یاد نەقشبەندی ڕایگەیاند: بەهۆی ئەو ڕووداوەوە چوار کەس سووتاون کە لە دوو منداڵ و ژنێک و پیاوێک پێکدێن و تەرمەکانیان لە ئێستادا لە پزیشکی دادی سلێمانی توێکارییان بۆ دەکرێت.
وتەبێژی تەندروستیی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، کە ڕێژەی سوتانەکەیان بەشێوەیەکە تا ئێستا نەیانتوانیوە بیانناسنەوە و بۆشیان دەرنەکەوتووە خەڵکی کوێن، هیچ کەسیش سەردانی نەکردوون و پەیوەندیی پێوەنەکردوون بۆ وەرگرتنەوەیان.
د.یاد نەقشبەندی ڕاشیگەیاند: ئەگەر پێویست بکات ڕێکاری دیکە دەگرینەبەر بۆ دۆزینەوەی کەسوکاریان، ئەوەش لەڕێگای تۆماری کامێرای بازگەکان و بڵاوکردنەوەی ژمارەی ئۆتۆمبێلەکە.
وتەبێژی تەندروستی سلێمانی داواشی لە هاوڵاتیان کرد “هەرکەسێک زانیاریی لەسەر کەسوکاری ئەو تەرمانە هەیە، هاوکاریی بەڕێوبەرایەتیی تەندروستی سلێمانی بکەن بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی تەرمەکان”.
بۆ ناسینەوەی قوربانییەکان وێنەی تابلۆی ئۆتۆمبێلە سووتاوەکەی دوکان بڵاوکرایەوە
ش.ف