ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ تەڤگەری ئازادیی گوڵیان لەسەر گۆڕە بێناونیشانەکانی گۆڕستانی بێنازەکان لە سلێمانی دانا کە سەرجەمیان قوربانی دەستی پیاون.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان لەگەڵ تەڤگەری ئازادیی کوردستان سەردانی گۆڕستانی بێنازەکانی گردی سەیوانی کرد لە شاری سلێمانی و دوای دانانی گوڵی سوور لەسەر یەک بە یەکی گۆڕە بێناونیشانەکان، ڕایانگەیاند دەبێت هەموو لایەک لەسەر ئەم گۆڕستانە بێنە دەنگ کە بەرهەمی پیاو سالارییە.

ژینۆ ڕەشید، ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان “ژاک” لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، ئەو ژنانە لە ژیانیاندا بە کۆمەڵێک بیانوو کوژراون و توندوتیژییان بەرامبەر کراوە، دواتریش کە مردوون بەم جۆرە لە مردووانی دیکەیان جیاکردوونەتەوە بەبێ هیچ ناونیشانێک نێژراون و ناناسرێنەوە.

بە پێویستیشی زانی لایەنە پەیوەندیدارەکان ناو لەسەر گۆڕەکان بنوسێت و لە یەکتریان جیابکاتەوە کە ئێستا تێکەڵ بە یەکتر بوون و گڵکۆ و کێلیان بۆ دروست بکرێت و خاوەنداریش لە گۆڕەکان بکرێت.
هەروەک داوایکرد ڕێکخراوەکانی ژنان بێنە سەر خەت و هەڵوێستیان هەبێت لەمبارەیەوە تا بتوانرێت دووبارە بکوژانی ئەو ژنانە پەروەردە بکرێنەوە.
لای خۆیەوە محەمەد عەبدوڵا، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کوردستان ڕایگەیاند، ئەم گۆڕستانە بەرهەمی ئەو سیستمە پیاوسالارییەیە کە زەمینەی ئەوەی خۆشکردووە پیاو زاڵ بێت و توندوتیژی بەرامبەر ژنان ئەنجامبدرێت.

هەروەها وەک تەڤگەری ئازادی کوشتنی ئەو ژنانەی ئیدانە کردو دەسەڵاتی بە کەمتەرخەم و هۆکاری کوشتنی ژنان لە قەڵامدا، بەوپێیەی بکوژان لە دادگاکاندا بە بیانوی جیاواز ئازاد دەکرێن.
ی. ک