دوای داوای پەرلەمانتارێک، سەرۆک وەزیرانی عێراق کێشەی دانیشتوانی کامپی مەخموری ئاراستەی وەزیری کۆچ و کۆچبەران کرد تا چارەسەری بکات.
سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە نوسراوێک داوای چارەسەر کردنی دۆخی پەنابەرانی کامپی مەخمور(کامپی شەهید ڕۆستەم جودی)ی لە حکومەتی عێراق کردووە و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانیش نوسراوی ئەو پەرلەمانتارەی ئاراستەی وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق کردووە تا بەدواداچوون بۆ کێشەکانیان بکات.
سۆران عومەر لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بۆ چارەسەری کێشەی ئەمنی و مرۆیی پەنابەرانی کامپی مەخور لەسەرۆک وەزیرانەوە نوسراوێکیان ئاراستەی وەزیری کۆچ و کۆچبەران کراوە.
ئەو پەرلەمانتارە لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەدەکات کە بەشە خۆراکی مانگانەیان بڕدراوە، ئەم پەنابەرانە ۲۳ ساڵە لەعێراق دەژین، لەکاتی شەڕی داعش بەرگریان کردووە و شەهیدیان هەیە. بەڵام چەندین جار لەلایەن فڕۆکەی تورکیاوە ئەم کامپە بۆردوومان کراوە.
ئەوەشی ڕوونکردووەتەوە: کێشەی خوێندن و تەندروستیان هەیە، ڕێگری هاتووچۆی کەرکوک و هەولێرو موسڵیان لێ دەکرێ پێویستە کێشەكانی ئەم پەنابەرانە چارەسەر بکەن و پێداویستیە ئەمنی و مرۆییەکانیان بۆ دابین بکەن.
داواشیکردووە، ڕێگری بکەن بە هیچ بەهانەیەک بۆردوومان نەکرێن و لیژنەیەک بنێرن بۆ کامپەکە ئەگەر هەر چەکدار یان گومان لێکراوێکی تێدا نیشتەجێیە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر بگرنە بەر.
پەرلەمانتارەکە بەبیری هێناوەتەوە کە لەساڵی ۱۹۹٤ هاوڵاتیەکی زۆری تورکیا ئاوارە بوون و هاتونەتە هەرێمی کوردستان لە شاری دهۆک لە چەند خێوەتگەیەک نیشتەجێ بوون، لەساڵی ۱۹۹۸ هێنراونەتە کەمپی مەخمور لەئێستەدا ژمارەیان ۱۲ هەزار هاوڵاتیە زۆرینەیان منداڵ و ژن و بەتەمەنن کەسەر بە پارێزگای نەینەوایە.
ها-غ