بەهۆی سووتانی بەشێک لە پێداویستی فەرمانگەکەیان، سەرۆکایەتی شارەوانی هەڵەبجە، رایگەیاند کە ناتوانێت مامەڵەی هاوڵاتیان بەهیچ جۆرێک جێبەجێی بکات.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ کوێستان ئەکرەم سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، لەبینای بەڕێوەرایەتیەکەیان ڕایگەیاند، ناتوانن مامەڵەی هاوڵاتیان ڕاییبکەن.
لە ماوەی ڕابردودا لە ئەنجامی خۆپیشاندانەکاندا، زیان بەر هەندێک بینا و شوێنی حکومی کەوت لەوانەش، بینای سەرۆکایەتی شارەوانی هەڵەبجە، کە بەهۆیەوە زیانێکی زۆر بەر کەلوپەلی بیناکە کەوت.
سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە ڕایگەیاند: ئەمڕۆ یەکشەممە ویستمان کاوباری هاوڵاتیان جێبەجێبکەین، بەڵام بەداخەوە گرفتی زۆرمان بۆ دروستبوو نەمانتوانی ئیشەکانیان بۆ ڕایی بکەین بەهۆی ئەوەی ئەو کارانەی پەیوەستن بە ڕوپێوکارانی هونەریەوە، کۆمپیتەرەکانیان لەکار کەوتوون و ژوورەکەیان سوتاوە.
کوێستان ئەکرەم ڕاشیگەیاند: داوا لە هاوڵاتیان دەکەین سەردانمان نەکەن بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکانیان، تا ئەو کاتەی خۆمان ئاگاداریان دەکەینەوە، هەروەها داواش لە فەرمانگەکانی سنوورەکە دەکەین؛ نوسراومان بۆ نەکەن، چونکە ناتوانین وەڵامیان بدەینەوە، بەهۆی تێکچونی بەشێکی زۆر لە کەلوپەلی فەرمانگەکەمان.
ب.ک