چاودێرانی سیاسی هاتنی شاندەکەی تورکیا بۆ هەولێر و بەغدا، گرێدەدەن بە سیاسەتی داگیرکارانەی دەوڵەتی تورک دژ بە پەکەکە و گەلی کورد، پێیانوایە، تورکیا خۆی ئامادە دەکات بۆ قۆناغێکی نوێ لە دژایەتیکردنی کورد و چڕکردنەوەی هێرش و پەلامارەکانی بۆسەر پەکەکە، بۆ ئەم مەبەستەش دەیەوێت پشتیوانی عێراق و هەرێم بەدەستبهێنێت.
لە دوێنێوە شاندێکی باڵای سەربازی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، کە پێکدێن لە خلوسی ئاکار وەزیری بەرگریی و یەشار گولەر سەرۆک ئەرکانی سوپای تورک، سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانیان کردووە.
شاندەکەی دەوڵەتی تورک سەرەتا لە بەغدا بەجیا لەگەڵ هەریەک لە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیران و د.بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق، کۆبوونەوە، دواتر سەردانی هەولێریان کرد و لەلایەن شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەوە پێشوازییان لێکرا.
لە ئێستادا شاندە سەربازییەکەی دەوڵەتی تورک لە هەولێرە و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەدایە، سەرەتا لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پەدەکە کۆبووەوە، دواتر سەردانی مەسرور بارزانیی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کردووە و دواتر لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
هاتنی ئەو شاندە سەربازییەی دەوڵەتی تورک لە کاتێکدایە، کە ڕۆژانە فڕۆکە جەنگییەکانی ئەو دەوڵەتە باشوری کوردستان بۆردوومان دەکەن و سەروەری خاکی عێراق پێشێل دەکەن، جگە لەوەی بە قوڵایی ٤٠ کیلۆمەتر خاکی باشوری کوردستانیان داگیرکردووە و بە دەیان سەربازگە و ناوەندی سیخوڕییان کردووەتەوە، هاتنی ئەم شاندە و پێشوازی لێکردنیان لەلایەن بەرپرسانی هەرێم و عێراق باس و خواسی جیاوازی بەدوا خۆیدا هێناوە و لەبارەی ئامانجی هاتنی شاندەکە، بەشێک لە چاودێرانی سیاسی بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.
ئارێز عەبدوڵا چاودێری سیاسی سەردانی ئەو شاندە لەم کاتەدا گرێدەدات بە سیاسەتە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و دەڵێت: تورکیا خۆی ئامادە دەکات بەهاری ئەمساڵ هێرش و پەلامارەکانی بۆسەر پەکەکە زیاتر بکات لە باشوری کوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش دەیانەوێت پشتیوانی تەواوەتی عێراق بەدەستبهێنن، ئەم سەردانەش لەو چوارچێوەیەدایە، بۆ ئەوەی درێژە بە سیاسەتەکانی پێشووی بدات و هێرش و داگیرکارییەکانی زیاتر بکات.

هەر لەم بارەیەوە پشدەر بابەکر چاودێری سیاسی وتی: تورکیا دەیەوێت قۆناغێکی نوێ لە شەڕی کورد دەستپێبکات، بۆ ئەو مەبەستەش دەیەوێت هاوکاری و پشتیوانی عێراق بەدەستبهێنێت و هەرێمی کوردستان لەو شەڕە تێوەگلێنێت، بەڵام هەردوو حکومەتەکە لە دۆخێکی خراپدان و ئەو توانایان نییە بە پراکتیکی خواستی تورکیا جێبەجێبکەن، تەنها لە ڕووی میدیایی و هەواڵگیرییەوە دەتوانن هاوکاری تورکیا بکەن.

ئاماژەی بەوەشدا: شاندەکەی تورکیا تەواو سەربازییە، ئەمەش پێمان دەڵێت کە هۆکاری سەرەکی هاتنیان ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە لێدان لە پەکەکە و پرسی کوردەوە هەیە لە ڕۆژئاوا، باشور و باکوری کوردستان، داگیرکاری و بۆردوومان و تۆپبارانکردنی کوردستان لەلایەن تورکیاوە و هاتنی شاندێکی سەربازی لەم کاتەدا، دیارخەری ئەوەیە دەیانەوێت بە هەمان سیاسەت و ئەقڵییەتی پێش خۆیان کێشەی تورکیا بە سەربازی یەکلایی بکەنەوە و ئینکاری بوونی نەتەوەی کورد بکەن.
هەروەها عادل عوسمان چاودێری سیاسی پێیوایە: ھاتنی وەزیری بەرگری تورکیا و پەیامی کازمی بە بەکارنەھێنانی سنوورەکانی عێراق بۆ ھێرش بۆ سەر تورکیا، پەیامێکی خراپە و خۆ لەگێلی دانە بەرامبەر ڕەوشی تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد، کە پێویستە لەبری پەیامی شەڕ ھەگبەکەی پەیامی ئاشتیی و چارەسەریی کێشەکانی تێدابێت، بەبێ چارەسەری کێشەی کوردیش ھیچ کێشەیەکیتر چارەسەر ناکرێت.

دەشڵێت: بۆ ڕێگری لە نەمانی شەڕ دوو تەوەر گرنگە و شایانی ھەڵوەستە لەسەر کردنە، ئەوانیش بینینی دۆزی کورد، وەک کێشەیەکی پەیوەنددار بەھەموو لایەنەکان و گەلان و حکومەتەکانی ناوچەکەوە، واتە وەک کێشەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جیھان و حەقیقەتی کێشەکە بۆ چارەسەری نەک سڕینەوە و لەناوبردن و قڕکردن، هەروەها پێویستە عێراق، سنوور بۆ داگیرکاری و دەستدرێژییەکان و ھەبوونی بارەگا و سوپای تورک دابنێت و نەھێڵێت ئەو سوپا زەبەلاحە سەروەرییە نیشتیمانی و یاساییەکانی پێشێل بکات بە بیانووی پەکەکەوە.
س.ح