حەشدی شەعبی ڕایگەیاندووە، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران گەیشتووەتە پارێزگای نەجەف و گۆڕی باوکی موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدری بەسەرکردووەتەوە.
بەپێی بەیاننامەیەکی حەشدی شەعبی، ئەمڕۆ یەکشەممە ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران گەیشتووەتە پارێزگای نەجەف لە عێراق.
حەشدی شەعبی سەردانەکەی قائانی بە “سەردانێکی ئاسایی” لەقەڵەمداوە، کە تێیدا گۆڕی هەریەک لە باوکی موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری پێشووی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بەسەرکردووەتەوە.
تائێستا دیارنییە ئایا قائانی لە عێراق ماوە یاخود گەڕاوەتەوە بۆ ئێران، هاوکات ئەوەش ڕووننەکراوەتەوە کە ئەو بەرپرسەی ئێران هیچ دیدار و کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ بەرپرسانی سیاسیی عێراق ئەنجامداوە یان نا.
سەردانەکەی قائانی لەکاتێکدایە، پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق نێوماڵی شیعەی لێکترازاندووە و تائێستا ڕێکنەکەوتوون لەسەر چۆنییەتی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق.
هەر ئەمڕۆ موقتەدا سەدر دەستنووسێکی خۆی بە ڕەنگی سوور و سەوز بڵاوکردەوە کە نووسیویەتی “نە ڕۆژهەڵاتی و نە ڕۆژئاوای، حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی” ئەوەش دووپاتکردنەوەی هەمان پەیامی ڕابردوویەتی کە لەمەڕ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق خستوویەتییەڕوو.
ب.ل