نووسەر له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج بۆ ڕۆژنیوزی نووسیوە:
ئه‌گه‌ر ڕوون و ڕاشكاوبین له قسەکردندا ده‌بێت دان به‌وه‌دا بنێین، كه پارتی و یه‌كێتی ڕۆڵی گه‌وره‌یان له‌وه‌دا هەبووە، كه كه‌ركوك بگاته ئه‌م دۆخه‌ی ئێستا، ململانێ له سه‌ر پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌یه‌كه‌وه تا كارگوزاری قوتابخانه‌یه‌ك، هه‌وڵی یه‌كتر ناشرین كردن لای تور‌كان و عه‌ره‌ب و ته‌نانه‌ت ئه‌مه‌ریكی و هاوپه‌یمانه‌كان، لێدان له هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه له ده‌ره‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتیدا مه‌به‌ستیان بووه خزمه‌تێک به كه‌ركوك بكه‌ن، به‌خۆیشمه‌وه كه قوربانییه‌كی ده‌ستی ئه‌و ململانێیه‌م و ڕه‌نگه له نووسینێكی دیکەدا باسی بكه‌م، ڕێگری له هه‌موو هه‌وڵێك بۆ پێكه‌وەژیانی ئاشتیانه و یه‌كتر قبوڵکردن و نزیكبوونه‌وه له یه‌كتر، نمونه‌ی هه‌وڵه‌كانی تاڵه‌بانی له كاتی سه‌رۆك كۆماری‌دا، یان هه‌وڵه‌كانی ستیڤان دیمستۆرا و هه‌تادوایی..
پارتی و یه‌كێتی ململانێیه‌كی سه‌ختی خاوه‌ندارێتی ناجۆریان به‌ڕێوەده‌برد له كه‌ركوك، ده‌ستگرتن به سه‌ر بیره نه‌وته‌كانداو مامه‌ڵەكردنی حزبییانه له گه‌ڵیدا، دروستكردنی ناوچه‌ی نیشتەجێبونی حزبییانه، نه‌ك نه‌ته‌وه‌ییانە، یان لانی كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ركوك هاوسه‌نگی تیا دروستبێته‌وه كه پێشتر عه‌ره‌باندن و به‌عساندن و ڕاگواستن دروستی كردبوو، پارتی و یه‌كێتی له ٢٠٠٣ تا ٢٠١٧ شه‌ڕی داگیركاری كه‌ركوك و شه‌ڕی كڕینی كادیره‌كانی یه‌كتریان بوو، سه‌یر نه‌بوو ڕۆژێ به‌رپرسی بنكه‌یه‌كی پۆلیس یه‌كێتی بێت و ڕۆژی دواتر پارتی یان به پێچه‌وانه‌وە.. ئه‌م گه‌مه‌یه هه‌ر به به‌رپرسی پۆلیس و مامۆستایه‌كه‌وه نەدەوه‌ستا و سه‌روتریش ده‌ڕۆی، هه‌ر ئه‌مه‌ش هۆیه‌ك بوو كه توركمان و عه‌ره‌ب نه‌توانن هه‌رگیز ده‌نگی ڕاستی كورد بۆ پێكه‌وەژیان و پێكه‌وه هه‌ڵكردنی ئاشتیانه ببیستن.
مامه‌ڵه‌ی به‌غداش له گه‌ڵ كه‌ركوك مامه‌ڵه‌یه‌كی ئه‌رێنی نه‌بوو، به‌غداش بۆ پرسی كه‌ركوك ڕۆژی به‌ڕێده‌كرد و ده‌یویست بوارێكی بۆ هه‌ڵكه‌وێت ده‌ستبه‌رداری جێبه‌جێكردنی ماددەی ١٤٠ و چاره‌سه‌ری پرسی كه‌ركوك بێت، ڕیفراندۆم ئه‌م بواره‌ی بۆ به‌غدا ڕه‌خساند، ئه‌وه جگه له‌و ناكۆكی و ململانێ حزبیه ناشرینه‌ی نێوان پارتی و یه‌كێتی كه لەسە‌ر بنه‌مای بوغزاندنی یه‌كتر و ته‌خوین و كڕینی كادیرانی یه‌ك بونیاد نرابوو، ئه‌و ململانێ ناجۆرە، تێگه‌یشتنی هاوپه‌یمانان له ئاوه‌زی حزبیانه و دواكه‌وتووانه‌ی كورد ڕووداوه‌كانی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی ٢٠١٧ی به دواداهات.
تا ئێستا و دوای سێ ساڵ له‌و ڕووداوانه‌ی ١٦-١-٢٠١٧، پارتی و یه‌كێتی خوێندنه‌وه‌یان بۆ ڕووداوه‌كان خوێندنه‌وه‌یه‌كی حزبیانه و به‌رژه‌وه‌ندیخوازانه‌ی حزبیە، جگه له‌وه‌ش هیچ لایه‌كیان نایانه‌وێ دان بە خوێندنه‌وه‌ی بێلایه‌نی خه‌ڵكیتردا بنێن، لە ڕاستیدا ئه‌گه‌ر ڕیفراندۆم و ڕووداوه‌كانی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ریش نه‌بوایە، ده‌بوو ئه‌وه ڕووبدات كه به‌سه‌ر كه‌ركوك و ئه‌و ناوچانەدا هات، لەبه‌رئەوەی كه نه‌وت و ده‌ستكه‌وت و به‌رژه‌وه‌ندیی خرابووه پێش خه‌ڵكه‌وە، شه‌ڕی بیره نه‌وته‌كانی هاڤانا و بای حه‌سه‌ن كه پارتی له ڕێگای وه‌زارتی نه‌وتی هه‌رێمه‌وه ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتبوو، به ئاشكرا به دی ده‌كرا و ڕۆژانه له میدیاكانه‌وه لەسه‌ر ئه‌و بابه‌ته به‌رپرسانی پارتی و یه‌كێتی په‌لاماری یه‌كتریان ده‌دا .
له سێ ساڵی ڕابردوودا ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد و به تایبه‌ت پارتی و یه‌كێتی نه‌یانتوانیوه بچوكترین كار بۆ كه‌ركوك و ده‌وروبه‌ری بكه‌ن، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه، نه‌یانتوانیوه ته‌نانه‌ت ئاڵاكه‌ی كوردستان بده‌نه‌وه ده‌ست په‌یكه‌ری ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ی سێ ساڵه ئاڵایه‌كی عیراقی به زۆر له ده‌ست نراوە، نه‌یانتوانی له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی لیستی برایه‌تیدا پارێزگارێك بۆ كه‌ركوك دابنێن، لیستی برایه‌تی ناوه‌كه‌ی لێده‌ربچێت كه برایه‌تی لێنراوه، هیچ بۆنی ته‌بایی و پێكه‌وەهە‌ڵكردنی لێ نایه‌ت، نه‌یانتوانی فشاری ئه‌و خاڵه پشكنیانه‌ی دوای ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر دانراون له سه‌ر هاوڵاتی كورد كه‌م بكه‌نه‌وه، ئێستاشی له گه‌ڵدابێت بۆ پارتی و یه‌كێتی نه‌وت له خه‌ڵك گرنگتره .
ئه‌م گه‌مه سیاسییه ناجۆر و ئه‌م ململانێ نادرووسته، بەدە‌ر له‌وه‌ش مامه‌ڵه‌ی خراپی پارتی و یه‌كێتی له كاتی حوكمڕانیان له كه‌ركوك وایكردووه زۆر جار خه‌ڵك بڵێن “یاخوا قه‌ت نه‌گه‌ڕێنه‌وه”، كه‌ركوكییه‌كان پێویستیان به پێكەوەژیانی ئاشتیانه و یه‌كتر قه‌بوڵكردن و ته‌ناهی و دابینكردنی كار و خزمه‌تگوزارییه، له دوای ٢٠٠٣ـەوە نه كورد وه‌ك پێویست توانیویه‌تی ئه‌وه‌یان بۆ ده‌سته‌به‌ر بكات، نە ڕاكان جبوری و حكومه‌تی ئێستای عێراقی، بۆیه به ده‌ر له گۆڕانكاریییە ڕووكه‌شه‌كان، كه‌ركوك هێشتا له دۆخی پێشكه‌وتنی بته‌كاندایە..
س.ح