وەزارەتی تەندروستی لوبنان ڕایگەیاند، تا ئێستا ٦٠ کەس لە دوای تەقینەوەکەی بەندەری بەیروتەوە بێسەروشوێنن، گاردیانی بەریتانیش دەڵێت ٥٠٠ کەس بێسەروشوێنن، نەتەوە یەکگرتووەکانیش هۆشداری سەرهەڵدانی قەیرانی مرۆیی لە لوبنان دەدات.
لە ڕاگەیانراوێکدا، وەزارەتی تەندروستی لوبنان بڵاویکردەوە، تا ئێستا لە دوای تەقینەوەکەی لوبنانەوە دەیان کەس بێسەروشوێن بوون و ناوی ٦٠ بێسەروشوێنیشیان تۆمار کردووە، لەگەڵ ئەوەی بە فەرمی ڕاگەیەنرا کە ١٥٤ کەس گیانیان لەدەستداوە کە ناسنامەی ٢٥ کەسیان نەزانراوە و پێنج هەزار کەسیش برینداربوون کە برینی ١٢٠ کەسیان سەختە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کەناڵە جیاجیاکانەوە کەمپەینی گەڕان و پاککردنەوەی بەیروت دەستیپێکردووە، ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردووش تیمێکی فەرەنسی بە نزیکەی ٥٠ کەسەوە بۆ گەڕان و ڕزگارکردنی قوربانیان گەیشتنە بەیروت.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، ژمارەی بێسەروشوێنان گەیشتووەتە ٥٠٠ کەس، رۆژنامەکە ئەو تەقینەوەیەی بە ڕاگەیاندنی شەڕ دژی سیاسییەکانی ئەو وڵاتە وەسف کردووە لەلایەن هاوڵاتیانی لوبنانیەوە.
لەلایەکی دیکەوە لیژنە پەیوەندیدارەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری سەرهەڵدانی قەیرانێکی مرۆییانداوە لە لوبنان، بەهۆی تێکچوونی بەندەری بەیروتەوە لە ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوودا.
بەرنامەی خۆراکی جیهانی ڕونیکردووەتەوە، تەقینەوەکە ڕێگای گەیشتنی خۆراک و کەلوپەلی پێویستی دەرەکی بۆ بەیروت پەکخستووە، ئەوەش بووەتەهۆی گرانبوونی کاڵاو خۆراک و پێویستی ڕۆژانە.
لە بەرامبەریشدا ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا لە سەرهەڵدانی قەیرانی تەندروستی لە بەیروت، بەوپێیەی سێ نەخۆشخانە بە تەواوی زیانیان بەرکەوتووە و کەڵکی بەکارهێنانیان نەماوە.
پێش تەقینەوەکە، ٧٥٪ی لوبنانیەکان پێویستیان بە هاوکاری هەبووە، ئێستا ڕێژەکە بەشێوەکی بەرچاو زیادیکردووە، بەجۆرێک ٣٣٪ی هاوڵاتیان کارەکانیان لەدەستداوە و زیاتر لە یەک ملیۆن کەسیش لەژێر هێڵی هەژارییەوەن.
پرۆگرامی خۆراکی جیهانی بڕیاریدا بڕی پێنج هەزار تۆن خۆراک بگەیەنێتە لوبنان و بۆ هەر خێزانێکی پێنج کەسیش بەشی مانگێک خواردن دابین بکات.
س.ح