ئەمڕۆ لە بناری قەندیل بە ئامادەبوونی جەماوەرێکی زۆر و خانەوادەی شەھید بە مەراسیمێکی تایبەت پەردە لەسەر پەیکەری شەھیدی سەرکردە دیار غەریب لادرا.
پەیکەری شەھید دیار غەریب لەلایەن رێکخراوی “دینکە”وە ئامادە کراوە بەیانی ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە هاوڕێ و دڵسۆزان و خانەوادەی شەھید، لە گۆڕەپانی نەورۆز لە گوندی ئینزێ-ی بنار قەندیل لە تەنیشت وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و شەھید ساکینە جانسز دانراو لەلایەن دایکی شەهید دیارەوە پەردەی لەسەر لادرا.
د. ڕزگار غەریب برای سەرکردە شەھید دیار غەریب، سوپاسی ئامادەبووانی کرد و ٤٣هەمین ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکە-ی لە ھەمووان پیرۆز کرد و ڕایگەیاند، داواکارین ڕێگاو ڕێبازی شەھید دیار بەردەوام بێت و ڕێبازەکەی فراوانتر بکرێت.

د.ڕزگارلە کۆتایی قسەکانیدا داوای لە هەڤاڵانی شەهید دیار و سەرجەم چین و توێژەکانی باشور کرد، بۆ بونیادنانی نیشتمانێکی ئازاد و دیموکرات بەردەوامی بە ڕێگە و ڕێبازی شەهید دیارغەریب بدەن.
لە درێژەی مەراسیمەکەدا عەلی قادر سەرۆکی ڕێکخراوی دارکۆ ڕایگەیاند، شەهید دیار غەریب بە تێکوشانی خۆی بووە سیمبولی نەتەوەیی و لە دوای خۆی ھەزاران خوێندکاری ئاپۆیی بە جێھێشت.
لای خۆیەوە محمەد حەسەن ھاوسەرۆکی شارەوانیی بناری قەندیل لە وتەیەکدا ڕایگەیاند، جێگای شانازییە کە شەھید دیار غەریب لە قەندیل تێکۆشانی کردوە و قەندیل پێی سەربەرزەوە شاھیدی تێکۆشانەکانیەتی.

ڕێوڕەسمەکە بە خوێندەوەی پارچە شیعرێک لە لایەن شێخ عومەرەوە کۆتایی پێهات.
پەیکەرەکە لە لایەن هەردوو پەیکەر ساز هادی هونەر و زانیار قادر ساز کراوە.
سەرکردە دیار غەریب ساڵی ١٩٧٣ لە سلێمانی لەدایکبووە و ساڵی ٢٠١٩ لە بناری چیای قەندیل شەهید بوو.
ی. ک