پۆلیسی فریاکەوتنی کەرکوک دەستی گرت بەسەر ١١١ هەزار ٦٠٠ پارچە حەبی قەدەغەکراودا.
حەبە قەدەغەکراوەکان لە جۆری “ترامادۆڵ”بووە و ئێوارەی ئەمڕۆ، لەناو خانوویەکی تەواونەکراودا لە گەڕەکی پەنجا عەلی شاری کەرکوک دەستی بەسەردا گیراوە.
پۆلیس زانیاریی پێشگەشتبوو، کە ئەو بینا تەواونەکراوە وەکو کۆگا بەکاردێت بۆ هەڵگرتنی حەبی قەدەغەکراو، پاش ئەوەی پۆلیس چووە شوێنەکە، دەستی بەسەر ١١١ هەزار و ٦٠٠ پارچە حەبدا گرت و گواستییەوە بۆ بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی فریاکەوتن.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی فریاکەوتنی کەرکوک، بە ڕۆژنیوزی وت، ئەو جۆرە حەبە وەک ماددەی هۆشبەر هەژمار دەکرێت، وتیشی: لەناو خانووەکەدا هیچ کەسێک نەبووە و کەس دەسگیر نەکراوە.
لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا، ئەمە سێیەمین جارە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە لە سێ ناوچەی جیاوازی کەرکوک دەست بەسەر ئەو جۆرە حەبەدا دەگیرێت.
ش.ف