پارێزگاری سلێمانی چەند بڕیارێکی بۆ نەهێشتنی چەکی بێمۆڵەت دەرکرد و دەڵێت، هەموو دوکان و بازاڕێکی چەک فرۆشتن؛ دادەخرێن و هەموو مامەڵەکردنێک بەچەکەوە؛ ڕادەگیرێت.
هەڤاڵ ئەبوبەکر پاریزگاری سلێمانی لە ڕاگەیەندراویکدا دەڵێت، لەسەر بڕیاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەپێی ڕێنمایی وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە ئەمڕۆ ٣٠ی حوزەیرانەوە، لەڕێی بەڕێوەبەرێتیی ئاسایشی سلێمانی و یەکە کارگێڕییەکانی سنوری پارێزگای سلێمانییەوە، هەموو دوکان و بازاڕێکی چەک فرۆشتن؛ دادەخرێن و، هەموو مامەڵەکردنێک بەچەکەوە؛ ڕادەگیرێت.
پارێزگاری سلێمانی ڕاشیگەیاندووە: لیژنەی هاوبەشی ئارامیی لە سنوری یەکە کارگێڕییەکاندا؛ وەک هەمیشە خاڵی پشکنین لە ناو شارو دەرەوەی شارەکاندا دادەنێن بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێمۆڵەت.
ئەوەسی وتووە، هەر هاوڵاتییەک بە چەکی بێمۆڵەتەوە سەردانی دامودەزگاکان و هەر شوێنێکی تر بکات؛ ڕاستەوخۆ دەستبەسەر چەکەکەیدا دەگیرێت.
هەموو یەکە کارگێڕیی و فەرمانگا پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردراون بۆ کاری پێویست، داوا لە هاوڵاتیانی دەکەن هاوکارو هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکان بن.
ها-غ