تەنیا لە چوار ڕۆژدا ١٢١ کەس لە شارەدێی خورماڵ-ی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە تووشی نەخۆشیی سکچوون و ڕشانەوە بوون، لیژنەی تەندروستییش هۆکارەکەی بۆ پیسبوونی سەرچاوەی ئاوی ماڵان دەگەڕێنێتەوە.

ئەو كەسانەی توشی نەخۆشییەكە بوون، لەهەموو تەمەنەكانیان تێدایە، دانیشتوی گەڕەكی ئاشتیین لەشارەدێکە، ئاوی خواردنەوەیان لەپرۆژەی ئاوی گەنجانەوە بۆ دابین دەكرێت، كە سەرچاوەی ئاوەكە كەوتۆتە ناو ماڵانەوە.
كارزان عەلی، بۆ چارەسەركردنی منداڵەكەی سەردانی نەخۆشخانەی کردبوو، باسی لەوەکرد، کە سێ منداڵی هەیە و هەرسێکیان دوو ڕۆژە تووشی نەخۆشییەکە بوون.

ئەو هاوڵاتییە داوا دەكات، چارەسەرێکی بە پەلە بۆ ئەو دۆخە بدۆزرێتەوە.
عەزیز شەوكەت، بەڕێوەبەری مەڵبەندی تەندروستیی شەهید عەلی شیعە لە شارەدێی خورماڵ، باسی لەوە کرد، تەواوی نەخۆشەكان چارەسەریان بۆ كراوە ڕەوانەی ماڵەوە كراون، باری تەندروستییان جێگیربوە.

لەبارەی هۆکارەکەشییەوە وتی: سەدا سەد پیسوبوونی سەرچاوەی ئاوەكەیە، گومان دەكەین زێرابی تێكەڵ بووبێت، ئەو كەسانەی توش بوون لە پرۆژەی ئاوی گەنجانەوە ئاویان بۆ دابین دەكرێت، پرۆژەكەش یەك لەسەر چواری ئاوی خورماڵ دابیندەكات.
ئەمڕۆ، لیژنەیەک لە بەڕێوبەرایەتیی تەندروستیی هەڵەبجەوە سەردانی شارەدێکەیان کرد بۆ لێکۆڵینەوە و ئاشکراکردنی هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە.
ئومێد محەمەد، نوێنەری خۆپاراستنی تەندروستیی هەڵەبجە و ئەندامی لیژنەکە، بە ڕۆژنیوزی وت: نەخۆشیی سكچوون و ڕشانەوە لە وەرزی زستاندا زۆربەكەمیی ڕودەدات، بۆیە بە پێویستمان زانی لێکۆڵینەوە بکەین.

وتیشی: ئێستا حاڵەتەكان مەترسیدارنین، سكچوون یان لە ئاو یان خۆراكی پیسەوە بڵاو دەبێتەوە، گومان دەکەین سەرچاوەی ئاوی گەڕەكەكە تێکەڵ بە زێراب و ئاوەڕۆی ماڵان بووبێت.
ئەو نوێنەرەی تەندروستیی هەڵەبجە دەشڵێت، هەر ئەمڕۆ ڕاپۆرتێك دەنووسین بۆ بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی و پارێزگاری هەڵەبجە، چەند بۆرییەكی ئاوەڕۆ لەدەوری پرۆژەكە پێویستیان بەچاكکردنە، گومانمان ئەوەیە ئەو بۆریانە شكابن و تێكەڵ بەئاوەكە بوبێت، پێویستە بەزووترین كات چارەسەر بكرێن.

سكچون و ڕشانەوە نەخۆشیەكی مەترسیدارە زیاتر لە وەرزە گەرمەكاندا لەڕێگەی خواردنی پیس و ئاوی پیسەوە توشی هاوڵاتیان دەبێت و بڵاو دەبێتەوە، ئەو كەسەی توشی دەبێت پێویستە بەزوویی چارەسەری تەندروستی وەربگرێت لەژێر ڕێنمایی پزیشكییدا.
ش.ف