ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، کە داڕێژەری سیستمی كۆنفیدراڵیزمی دیموكراسییە، خاوەنی سەدان کتێب و نامیلکەیە، کە بە ٢٠ زمانی جیاواز وەرگێڕکراون و لە بەناوبانگترین زانکۆکانی جیهان، وەک پرۆگرامی خوێندن و سەرچاوە پشتیان پێدەبەسترێت، جگە لەمەش هەزاران سیمینار و لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە.
ڕێبەری گەلی کورد هەر تەمەنی لاوێتییەوە بەشداری بزاوت و جوڵانەوە چەپەکان دەبێت و ساڵی ١٩٧٠ لە كۆلێژی یاسای ئەستەنبوڵ خۆی تۆمار كردووە، لەو ماوەیەدا ڕێبهر ئۆجهلان ئاشنای (كۆمەڵەی كولتووریی شۆڕشگێڕانی خۆرهەڵات) و سەركردەكانی (نەوەی لاوانی ٦٨) بووە و لە نێویاندا بە دیاریكراوی كاریگەر بووە بە هەڵوێستی ڕادیكاڵانەی (ماهیر چایان) پەیوەست بە چارەسەری پرسی كوردەوە، كە بووە مایەی وازهێنانی لە كۆلێژی یاسا و پەیوەندیكردنی بە كۆلێژی زاستە سیاسییەكانی ئەنقەرەوە لە ساڵی ١٩٧١دا.
لە سەروبەندی ناڕەزایەتییەكانی خوێندکاران دژ بە تیرۆركردنی (ماهیر چایان) و نۆ لە هاوڕێكانی لە گوندی (قزل دەرە)، ڕێبهر ئاپۆ ڕابەرایەتیی مانگرتنەكانی كۆلێژی زانستە سیاسییەكانی كردووە و ئەوەش بووەتە مایەی دەستگیركردنی لە ٧ی نیسانی ١٩٧٢دا و هێشتنەوەی بۆ ماوەی حەوت مانگ لە زینداندا.
لە سەرەتای ساڵی ١٩٧٣دا كەوتە خۆ ئامادەكردن بۆ پێكهێنانی كۆمەڵەیەكی جیاوازتر و كۆكراوە لە دەوری تێزی (كوردستان داگیركراوە) و یەكەم كۆبوونەوەی مێژوویشی لەگەڵ هاوڕێیانی كۆمەڵەكەدا لە نزیك (بەنداوی چوبوك) لە ئەنقەرە لە ساڵی ١٩٧٣دا بەست و تیۆری بنەڕەتیی كۆمەڵەكە بریتیبوو لە: (ئازادبوونی گەلی تورك بە ئازادیی گەلی كورددا تێپەڕ دەبێت).
نامیلکە سەرەتاییەکانی ڕێبەر ئۆجالان
ڕێبەر ئاپۆ بوو بە سەرۆكی دەستەی (كۆمەڵەی دیموكراسی خوێندكارانی خوێندنی باڵای ئەنقەرە) و نامیلكەی (هەڵسەنگاندنێك لە بارەی ئیمپریالیزم و كۆلۆنیالیزمەوە) كە ڕێبهر ئۆجهلان و محەمەد خەیری دورموش لە ساڵی ١٩٧٥دا نووسیبوویان، بووبە یەكەم دۆكیۆمێنتی نووسراوی كۆمەڵەكە، هەروەها ئەو وتارانەی كە لە كۆبوونەوەی شارەكانی كوردستاندا پێشكەشی كردبوون، لە مانگی ئاداری ١٩٧٧دا نووسرانەوە.
قۆناغی بە پارتی بوون و ئامادەکردنی مانیفێست
وەڵامدانەوەی ئەم قەڵەمبازییەش، لەلایەن دەوڵەتەوە، تیرۆركردنی (حەقی قەرار) بوو کە ڕێبەر ئۆجالان بە ” ڕۆحی شاراوە”ی خۆی پێناسەی دەکات، لە ١٨ی ئایاری ١٩٧٧دا و بۆ بەرز ڕاگرتنی یادەوەری ئەو شۆڕشگێڕە، رێبهر ئۆجەلان لە پایزی هەمان ساڵدا (بەرنامەی پارت)ی نووسییەوە و لە ساڵی ١٩٧٨دا (ڕۆژنامەی سەرخۆبوون) چاپکراو و لە هاوینی هەمان ساڵدا، یەكەم ژمارەی کەوتە بەردەست و شیكاری رێبهر عەبدوڵڵا ئۆجالان بەناوی (ڕێگای شۆڕشی كوردستان) بڵاوكرایەوە، كە بە (مانیفێستۆ) ناسراوە.
لە ٢٦ و ٢٧ی تشرینی دووەمی ١٩٧٨دا كۆنگرەی دامەزراندن لە گوندی (فیس)ی سەر بە شاری دیاربەكر بەسترا، كە بە دامەزراندنی پارتی كرێكارانی كوردستان-پەکەکە كۆتایی هات.
رێبهر ئۆجالان لە نێوان ساڵانی ١٩٧٠ تا ١٩٨٠ زیاتر لە ١٠ کتێب و نامیلکەی نوسییەوە، بە ناوەکانی (بەرەی یەكگرتووی بەرگریی بۆ تێكۆشان دژی فاشیزم، ڕۆڵی زەبروزەنگ لە كوردستاندا، دۆزی ڕزگاریی نەتەوەیی و ڕێگای چارەسەریی، پرسی كەسێتی لە كوردستان و ژیانی پارت و تایبەتمەندییەكانی تێكۆشەری شۆڕشگێڕ، لەبارەی ڕێكخستنەوە، لەبارەی لە سێدارەدان و كولتووری دامەزراوە سەربازییەكان، گرفتەكانی پێشكەوتن و ئەركەكانمان، ململانێ لەسەر كوردستان لە سەدەی نۆزدەدا، ڕاپۆرتی سیاسیی پێشكەشكراو بە كۆنفرانسی یەكەمی پارت).
تەواوی ئەم چالاكییە تیۆرییانەش لەو شۆڕشە چەكدارییەدا بەرجەستە بوو كە لە ١٥ی ئابی ١٩٨٤دا لە هەردوو شاری “ئەروه” و “شەمدینلی”یەوە دەستیپێكرد.
کۆکردنەوەی شیکارییەکانی لە کۆمەڵە کتێبێکدا
شیكارییەكانی ڕێبەر ئاپۆ، بۆ كێشهكانی ساڵانی ١٩٨٧ تا١٩٩٠ كراون بە كۆمەڵە كتێبێك وەك: “نزیكبوونهوهی شۆڕشگێڕانە بۆ ئایین”، “كێشەی ژن و خێزان”، “پاكتاویی پاكتاوچێتی”، “PKK”،ش “فاشیزمی ١٢ی ئەیلوول و بەرگریی” ، “خیانەت و بهكرێگیراوێتی لە كوردستاندا”، “كەسێتیی خەباتگێڕ لە مێژووی پارتدا”، ” بژاردەكانی 1-2-3-4″.
رێبهر ئاپۆ ڕابەرایەتی خەباتی چەكداریی لەئەستۆگرت و بەوە پێناسەی دەكات كە :”جەنگی بەرگری لە بوونە”، دووبارە لە ماوەی ساڵانی ١٩٩٠تا ١٩٩٢، پشتیوانییەكی جهماوهریی چڕی بەدەستهێنا و بووە مایەی ئەوەی، كە چارەسەری سیاسیی بۆ پرسەكە بەشێوەیەكی جددی بخاتە ڕۆژەڤییەوە و لەو قۆناغە ڕاگوزەرییەدا هەردوو كتێبی (داستانی ژیانەوە) و (ژیانهوه تەواوبوو نۆرهی ڕزگاربوون هاتووە) بڵاو بكاتەوە.
لێگەڕینەکانی ڕێبەر ئۆجالان لەدووی چارەسەری و پێشنیارەكانی بۆ ئاشتی لەو ماوەیەدا بوونە بابەتی چەند كتێبێك کە دیارترینیان ئەمانەن (چەند دیمانەیەك لەگەڵ عهبدوڵڵا ئۆجەلان)، (“APO” و “PKK “) (چەند گفتوگۆیەك لە باخچەی كوردیدا)، (لەبارەی پرسی كوردەوە لەگەڵ ئۆجەلان و بورقای)، ( بە دوای دووێنەرێكدا دەگەڕێم – گفتووگۆكانی سهبارهت به ئاگربەست)، (كوشتنی پیاوییەتی)
هەروەها لەو ماوەیەدا لەژێر ڕۆشنایی شیکردنەوە و ڕامان و تێزەکانی ڕێبەر ئاپۆدا، چەند كتێبێك نووسران و بڵاوكرانەوە: (گرفتەكانی شۆڕش و سۆسیالیزم)، (سووربوون لەسەر سۆسیالیزم سووربوونە لەسەر مرۆڤ) (زمانی حەقیقەت و پراكتیكەكانی)، (مێژوو لە ناوماندا پەنهانە و ئێمەش لەسەرهتای مێژوودا پەنهانین)، (چۆن بژین بەشی ١ و٢)، (عەشقی كورد).
لە تەواوی ئەو ماوەیەدا، ڕێبەر ئاپۆ بەردەوام بوو لە كۆششكردن و داڕشتنەوەی ڕێنماییە پێویستەكان لە پێناو ئاشتی و چارەسەری دیموكراسیدا، كە لە كتێبی (بەرەوئاشتی – وتارهكانی ڕۆما) دا كۆكرانەوە.
لە دەستپێکردنی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی سەر ڕێبەر ئۆجالان و تا دەستگیرکردنەکەی، ئەو گفتوگۆ و بانگەوازانەی ڕێبەر ئاپۆ بەدرێژایی ماوەی دەستگیركردنەكەی تا قۆناغی لێكۆڵینەوە و دادگایی كردنی، كۆكرانەوە و لە كتێبێكدا بەناوی (ئومێدی ئاشتی) بڵاوكرایەوە، دواتر لە ساڵی ١٩٩٩ لەبەر ڕۆشنایی میتۆدی چارەسەری دیموكراسی و ئاشتیدا بەشێوەیەكی ستراتیژی بەرگرینامەیەکی داڕشتەوە بەناونیشانی (دووانەی چارەسەر و بێ چارەسەریی پرسی كورد) كە پێشكەش بە دادگای ئیمیرالیی كردبوو، لە چاپدراو بڵاوکرایەوە.
کتێبەکانی ڕێبەر ئۆجالان لە چوارچێوەی بەرگرینامەدا
-(بەرگرینامەی PKK ی بۆ دۆزی ئورفا) پێشكەش بە دادگای ئورفا كرد، بەڵام لە دادگایی كردنی ئیمراڵیدا تۆمار نەكرا.
-لە پێناو وەڵامدانەوەی پێویست بە دادگاییکردنی ئیمرالی و (دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەوروپی) كتێبی (لە دەوڵەتی ڕاهیبی سۆمەرەوە بەرەو شارستانییەتی دیموكراتی-بەشی ١و٢)ی نووسییەوە، كە لە هەمانكاتدا چێوەی تیۆری و مێژوویی دادگای ئورفاشی دەكێشا.
-وەک پاشكۆیەكی تەواوكار کتێبی (ئورفا، سیمبۆلی پیرۆزی و نەفرهت)ی نووسییەوە و لەساڵی ٢٠٠١دا بڵاوكرانەوە.
-نامیلكەی بەرگرینامەی (مرۆڤی ئازاد ناسنامهی خورههڵاتی ناوینی نوێیه)، لە ساڵی ٢٠٠٣دا پێشكەش بە دادگای ئەسینای كرد و بڵاوكرایەوە.
-لە ساڵی ٢٠٠٤دا لە نووسینەوەی كتێبی (بەرگریكردن لە گەلێك) بوویەوە، كە پێشكەش بە “دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەوروپی” كردبوو، دوای ساڵێك بڵاوکرایەوە.
لەساڵانی دواتریشدا لە ڕێگەی ڕاگەیاندنی ئاگربەستی یەكلایەنەوە و دانانی نەخشە ڕێگا، لە هەوڵ و دەستپێشخەرییەكانیدا بۆ ئاشتی و چارەسەری دیموكراسی بەردەوام بوو، هەروەها نامیلكەی “نەخشە ڕێگا”ی داڕشتەوە و لە ٢٠١١دا بڵاوکرایەوە.
پێنج بەرگرینامە گەورەکە
ڕێبەر ئۆجالان لە چەند ساڵێكدا بەرگرینامەیەکی گەورەی پێشکەش بە “دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەورووپا” كرد، بە ناونیشانی”مانیفێستۆی شارستانییەتی دیموكراسی، مۆدێرنیتهی دیموكراسی و پرسەكانی تێپەڕاندنی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی” كە لە پێنج بەرگ پێكهاتبوون:
– شارستانییەت.
– شارستانییەتی سەرمایەداری.
-سۆسۆلۆژیای ئازادی.
-قەیرانی شارستانییەتی و چارەسەری شارستانییەتی دیموكراسی لە خۆرهەڵاتی ناویندا.
-دۆزی كورد و ڕێگە چارەی نەتەوەی دیموكرات.
کە سەرجەمیان چاپکران و بڵاوکرانەوە.
هەروەها گفتوگۆكانی لەگەڵ ئەو دەستە سیاسییەی، كە لە ئیمرالی دەیانبینی لە كتێبی (ڕزگاریی دیموكراسیی و بونیادنانی ژیانێكی ئازاد)دا، كۆكرانەوە و لە ساڵی٢٠١٦دا بڵاوكرایەوە.
کتێب و تێزەکانی ڕێبەر ئۆجالان، سنورەکانی کوردستان و ناوچەکەشی تێپەڕاندووە و گەیشتوونەتە دوورترین وڵاتانی جیهان و وەرگێڕکراونەتە سەر نزیکەی ٢٠ زمانی جیاواز، لەوانە (ئینگلیزی، ئەڵمانی، ڕوسی، ئیتالی، فەرەنسی، ئیسپانی، پۆرتوگالی، فلامانی، دانیمارکی، تامیلی”هیندی”، کاتالانی، سویدی، یۆنانی، باسکی، کۆری، تورکی، فارسی، عەرەبی).
هەروەها بەگوێرەی ئامارەکانی دەستپێشخەری نێونەتەوەیی ئازادی بۆ ئۆجالان، لە زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکانی جیهان، هەم وەک پرۆگرامی خوێندن و هەم وەک سەرچاوە پشت بە تێز و کتێبەکانی ڕێبەرئۆجالان دەبەسترێت، جگە لە ئەنجامدانی هەزاران لێکۆڵینەوە و سیمینار لەو بارەیەوە، بەتایبەتی لەو وڵاتانەی کە کتێبەکانی ڕێبەر ئۆجالان وەرگێڕکراوەتە سەر زمانەکەیان.
دیارترین زانکۆکانی جیهان
زۆرترین لێکۆڵینەوە و سیمینار لەبارەی کتێبەکانی ڕێبەر ئۆجالانەوە بە زمانی ئینگلیزی بوون، لە دیارترین زانکۆکانی بەریتانیا لەوانە زانکۆی ئۆکسفۆرد و کامبریج.
جێگای ئاماژەیە لەو وڵاتانەی کە کتێبەکانی ڕێبەر ئۆجالان، وەرگێڕنەکراوەتە سەر زمانەکەیان، لەلایەن دەستپێشخەری نێونەتەوەیی ئازادیی بۆ ئۆجالانەوە، سیمیناری تایبەت بە تێز و نوسینەکانی ئەنجامدراوە لە زانکۆکانیاندا، وەک، وڵاتانی ئەمریکای لاتین، باشووری ئەفریقا، وڵاتانی ئیسکەندەنافیا، ئوسترالیا و چین.
س.س