کەمال ڕەئوف نووسەر و ڕۆژنامەنووس پێیوایە، چوونی نێچیرڤان بارزانی بۆ تورکیا بۆ ئەوەیە دۆستایەتی خۆی بۆ تورکیا بسەلمێنێت و پێیان بڵێت، کە ئەوان نەچوونەتە ناو ئەو بەرەیەی کە فەرەنسا دەیەوێت دژ بە فراوانخوازییەکانی تورکیا پێکیبهێنێت.
دوای دوو ڕۆژ لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا لە بەغدا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم هەینی ڕابردوو بەبێ ئامادەبوونی بەرپرسانی بەدەر لە پەدەکە، سەردانی ئەنقەرەی کرد و لەگەڵ ئەردۆغان و چاوشئۆغڵو-دا کۆبووەوە، دواتریش سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمریکا، ئەوەی نەشاردەوە کە پرسی پەکەکە تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانی بارزانیی و ئەردۆغان بووە.
کەمال ڕەئوف، نووسەر و ڕۆژنامەنووس پێیوایە: سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەوەیە کە بە تورکەکان بڵێت ئێمە نەچووینەتە ناو ئەو هاوپەیمانێتییەوە کە فەرەنسا دەیەوێت لە ئەوروپا و ناوچەکە دژ بە فراوانخوازییەکانی تورکیا پێکیبهێنێت، وە پێیان بڵێن کە ئەوان دژی تورکیا نین.
دەشڵێت: سەردانەکەی نێچرڤان بارزانی هەوڵێکە بۆ پیشاندانی مەترسییەکان بە تورکیا، چونکە مەترسییەکان لەسەر تورکیا زۆر زۆرن، عێراق و میسر و یۆنان بەتایبەت لەدژی تورکیا وەستاونەتەوە، تورکیاش ناتوانێت ئەو هەموو بەرەیە لەخۆی بکاتەوە و مەترسییەکی گەورەیە، لەڕووی ئابووریشەوە تورکیا لە قەیراندایە.
لەبارەی ئەوەی بۆچی بەرپرسانی هەرێم لەگەڵ وڵاتێکی داگیرکەردا کۆدەبنەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەکەکە، کەمال ڕەئوف دەڵێت: پارتی دیموکراتی کوردستان دژایەتیی خۆی بۆ پەکەکە نەشاردووەتەوە، پێیان وایە هەبوونی پەکەکە بووەتە مایەی لەشکرکێشیی تورکیا، کە ئەمە قسەیەکی زۆر بێ ناوەڕۆکە، چونکە تورکیا بە لۆژیکی دەوڵەتی عوسمانیی هەڵسوکەوت دەکات و پێیوایە، ئەو ناوچانەی لە ڕێککەوتنی لۆزان لێی وەرگیراوەتەوە ناوچەی ئەون.
کەمال ڕەئوف دەشڵێت: لە هەموو هێزەکانی دیکە نەیانتوانی ناوچەی ژێر هەیمەنەی پارتیدا سەرکەوتووبن، تاکە هێزێک کە تا ئێستا توانیبێتی ئامادەیی هەبێت لەو ناوچانە پەکەکەیە، پارتیش ئەوە بە مەترسیی بۆ سەر خۆی دەزانێت.
س.ح