دژی لێبڕینی مووچە و دابەشنەکردنی لەکاتی خۆیدا، ٢٨ پزیشکی نیشتەجێی خولاو لە سنووری ئیدارەی گەرمیان بایکۆتی دەوامیان کردووە، ئەمە گرفتی بۆ نەخۆشانی سنوورەکە دروستکردووە و حکومەتیش بێباکە.
ماوەی ١٥ ڕۆژە ٢٨ پزیشکی نیشتەجێی خولاو، لە شارۆچکەی کفری و کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان بایکۆتی دەوامیان کردووە، کە ١٦یان لە نەخۆشخانەی شەهید هەژار، چواریان لە نەخۆشخانەی شێرەی نەقیب لە کەلار و هەشتی دیکەشیان لە نەخۆشخانەی خالید گەرمیانین لە شارۆچکەی کفری.
ئەو پزیشکانە، کە خۆیان لە شار و شارۆچکەکانی دەرەوەی ئیدارەی گەرمیان نیشتەجێن و ماوەی ١٠ مانگە لە نەخۆشخانەکانی گەرمیان دامەزراون، باس لەوە دەکەن، کە لەو ١٠ مانگەدا تەنیا چوار مووچەیان پێدراوە، بۆیە ناتوانن بچنەوە سەر کارەکانیان و خەرجیی هاتووچۆ بدەن، بێ ئەوەی مووچە وەربگرن.
بایکۆتکردنی دەوام لەلایەن ئەو پزیشکانەوە کێشەی بۆ نەخۆشخانەکانی کەلار و کفری دروستکردووە، لە ئێستدا لەناو کەلار تەنیا سێ پزیشک دەوام دەکەن، ئەوانیش کاتی دەوامیان دابەشکردووە و هەر ١٠ ڕۆژ جارێک یەکێک لەو پزیشکانە لە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شێرەی نەقیب بۆ ماوەی هەشت کاتژمێر دەوام دەکات، لە کاتژمێرەکانی دیکەشدا نەخۆشخانەکە بێ پزیشکە و کارمەندەکان بۆ حاڵەتی فریاکەوتنی خێرا، بە تەلەفۆن ڕێنمایی لە پزیشکە پسپۆرەکان وەردەگرن و چارەسەری نەخۆشەکان دەکەن.
هونهر بهرههم، یهكێك له پزیشكه مانگرتووەکانە و بە ڕۆژنیوزی وت: ئەو چوار مووچەیەشی پێمان دراوە، دووانیان مووچەی تەواو نەبووە و لێمان بڕاوە، بۆیە داوا دەکەین، مووچەکانمان لەکاتی خۆیدا بۆ خەرج بکرێت، مووچەی ئەو شەش مانگەشمان بێ لێبڕین بۆ بگەڕێندرێتەوە، کە لای حکومە.
ئەو پزیشکە، باسی لەوە کرد، کە داواکارییەکانیان ئاڕاستەی لایەنی پەیوەندیدار کردووە، جەختیشیکردەوە، تا داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت، ناگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.
لای خۆیهوه، ڕزگار لهتیف، جێگری بهڕێوهبهری نهخۆشخانهی فریاكهوتنی شههید ههژار بهڕۆژنیوزی وت: مانگرتنی ئهو پزیشكانه گرفتی زۆری بۆ نهخۆشخانهکەمان دروستكردووه، ئێمە تهندروستیی گهرمیان و لایهنه پهیوهندیدارهكانمان لەو کێشەیە ئاگادار كردووهتهوه، بەڵام تا ئێستا بێدهنگن.
ش.ف