دانیشتوانی گەڕەكی بەختیاری لەشارۆچكەی سەیدسادق لەگەڵ چڕبونەوەی سەرمای زستان كێشەی گرفتی ئاوی خواردنەوەیان هەیە و دەڵین، لایەنی پەیوەندیدار كێشەكەیان بۆ چارەسەرناكات.
ئەمڕۆ بەشێك لە دانیشتوانی گەڕەكی بەختیاری لەشارۆچكەی سەیدسادقی پارێزگای سلێمانی گردبونەوەیەكی ناڕەزایەتیان ئەنجامدا، چەند داواكارییەكیان ئاراستەی حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان كرد.
شاهۆ محەمەد، ڕاگەیەندراوی گردبونەوەکەی خوێندەوەکە تیادا هاتبوو: وەك دانیشتوانی گەڕەكی بەختیاریی بێبەش نەبوین لەكۆمەڵێك كێشە و گرفت، كە تەواویی شارەكەمان و كوردستانی گرتۆتەوە، چەندین جار سەردانی لایەنی بەرپرسمانكردوە، هەریەكەیان بەبیانویەكەوەجێبەجێیان نەکردووە، بەو هۆیەوە تەواوی داواكارییەكانمانیان ڕادەستی قەدەر كردوە.
لە بارەی داواکاریەکانیانەوە وتی: لەم وەرزی سەرمایەدا كێشەی ئاوی خواردنەوەمان هەیە، بێبەشین لەو بەشە ئاوەیی دابەشدەكرێت بەسەر هاوڵاتیانی شارەكەدا.
باسی لەوەشکرد: جگە لە نەبونی ئاوی خواردنەوە خراپی كۆڵانەكانمان بووە بەگرفتی هەموو خەڵكەكە، بەتایبەتی چون و هاتنەوەی خوێندكاران بۆ خوێندنگا، ئەمە جگەلەوەی كارەبایی نیشتیمانی وەك پێویست نیە، ئەو بڕە نەوتەشی بڕیاربوو لەشارەكەدا دابەشبكرێت تائێستا دابەشنەكراوە بەسەر هاوڵاتیاندا.
ها-ع