هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن، کە یەنەکە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا شەمەندەفەری لامەرکەزیی دەگەیەنێتە وێستگەی کۆتایی و کش و مات لە پەدەکە دەکات، بە ئاشکرا ئەم پەیامەشی گەیاندووەتە نێردە دیپلۆماسیەکان کە هەرچی ڕووبدات، لێی بەرپرس نییە.
کۆبوونەوەکەی دوێنێ بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەنەکە و شاناز ئیبراهیم ئەحمەد کارگێڕی مەکتەبی سیاسی حزبەکەی لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتانی دەرەوە وەک دوایین پەیام و هۆشداری یەنەکە خوێنرایەوە لەسەر ڕەوشی ناوخۆی هەرێم، بەتایبەت سیاسەتە تاک لایەنەکانی پەدەکە لە حکومەت و بە بنبەست گەیشتنی گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا.
سەرچاوەیەکی باڵای یەنەکە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، چیتر یەنەکە دەستەوسان دانانیشێت و کەڵەکەبوونی نیگەرانییەکانی دەگەیەنێتە بڕیاری کۆتایی بۆ جیاکردنەوەی سلێمانی لە هەولێر.
بافڵ تاڵەبانی لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبوک دەربارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ نێردەی وڵاتان نووسیویەتی: لەگەڵ تیمی یەكێتی بۆ گەیاندنی پەیامێك بە كونسوڵ و نوێنەری وڵاتان لە شاری هەولێر بووین، پەیامەكەش گەیەندرا.
سەرچاوەکە ناوەڕۆکی ئەو پەیامەی بۆ رۆژنیوز ئاشكرا کرد و ڕایگەیاند، یەنەکە نیگەرانیی خۆی لە هەڵسوکەوتەکانی سەرۆکی حکومەت و بڕیارە تاکلایەنەکانی گەیاندووەتە نێردەی وڵاتان، بەتایبەت نیگەرانی لە گوێنەدانی مەسرور بارزانی بە خواستەکانی یەنەکە لەبارەی پرسی لامەرکەزیی سلێمانی.
لای خۆیەوە دڵشاد ئەنوەر ڕۆژنامەنووس لە فەیسبوکی خۆیەوە ئاماژەی بە پەیامەکەی هاوسەرۆکی یەنەکە کردووە لە کۆبوونەوەکە و ڕایگەیاندووە، یەنەکە کێشەی لەگەڵ پەدەکە دا نییە وەک حیزب، بەڵکو کێشەی لەگەڵ چۆنییەتی بەڕێوەبردنی حکومەت و مامەڵەی خودی سەروکی حکومەتدا هەیە.
یەکێتی لامەرکەزیی ڕادەگەیەنێت
بەپێی زانیارییەکان، یەنەکە گەیشتووەتە بڕیاری کۆتایی بۆ پرسی لامەرکەزیی و بەنیازە لەم ڕۆژانەدا لامەرکەزییەتی سلێمانی ڕابگەیەنێت.
ڕۆژنامەنووس سەرتیپ جەوهەر لەمبارەیەوە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: ڕەنگە لەم چەند ڕۆژەی داهاتوو یەکێتی بڕیارێکی جیاواز لە ڕابردوو بدات، رەنگە سلێمانی لەشوێنی خۆیەوە لامەرکەزییەت ڕابگەیەنێت، مامەڵەی سەربەخۆ و جیا لە هەولێر بکات.
لەم بارەیەوە سەرچاوەکەی ڕۆژنیوز باسی لەوەش کرد، هەموو ئامادەکارییەکان بۆ دوو ئەگەر ئامادە کراون، کە بریتین لە کشانەوە لە حکومەت یان ڕاگەیاندنی لامەرکەزی سلێمانی، ئەگەر بێت و شاندی دانوستانکاری هەرێم بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی نەگاتە هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ بەغدا.
ڕۆژنامەنوس سەرتیپ جەوهەر لەم بارەیەوە دەڵێت، ئەگەر یەنەکە و پەدەکە لەسەر لامەرکەزیی ڕێککەوتنێکی سیاسیی نەکەن، دۆخی هەرێمی کوردستان پێدەنێتە قۆناغێکی ئاڵۆزەوە.
کەسە نزیکەکانی پەدەکەش دوور و نزیک ئەم بابەتەیان باسکردووە و نایشارنەوە، کە یەنەکە هەموو ئامادەکارییەکانی بۆ ڕاگەیاندنی لامەرکەزییەت کردووە.
ڕێبوار کەریم وەلی، ڕۆژنامەنووسی نزیک لە نێچیرڤان بارزانی دەڵێت: یهكێتی زهمینهسازییهكی زۆری له ڕووی مێدیایی و جهماوهرییهوه (تهنانهت نێودهوڵهتیشهوه) بۆ دابڕاندنی سلێمانی (گهرمیان، راپهڕین و ههڵهبجه) و دهرهێنانیان له ژێر دهستی ههولێر ئهنجام داوه.
کۆبوونەوەی چارەنووسساز لە بەغدا
بڕیارە ئەمڕۆ شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی بچێتەوە بەغدا، پێدەچێت ئەمە دوایین سەردانی تاڵەبانی بێت بۆ ئەو مەبەستە، بەوتەی سەرچاوەکەی ڕۆژنیوز، لە ئەگەری سازش نەکردنی پەدەکە و مل نەدان بۆ داواکارییەکانی بەغدا، قوباد تاڵەبانی و تیمەکەی ڕاستەوخۆ دەگەڕێنەوە سلێمانی و هەڵپەساردنی هەموو کارەکانی یەنەکە لە حکومەت ڕادەگەیەنێت و ئەوەی لە ژێر بەڕەی کۆبوونەوەکانی ئەم چەند مانگەی ڕابردوو هەیە لەگەڵ بەغدا، بیخاتە سەر بەڕەی ڕاگەیاندنەکان.
مانگی داهاتوو چی ڕوودەدات؟
ڕێبوار کەریم وەلی شەوی ڕابردوو لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبوک ئەوەی نەشاردووەتەوە، کە دەنگۆ هەیە مانگی ئاداری ئەمساڵ خۆپیشاندانی فراوان لە هەرێمی کوردستان دەستپێبکات.
سەرچاوەکەی ڕۆژنیوز ئەو دەنگۆیەی پشتڕاستکردەوە و باسی لەوە کرد، هەموو ئامادەکارییەکی میدیایی کراوە بۆ ڕووماڵکردنی خۆپیشاندانەکە.
وەک ڕێبوار کەریم ئاماژەی پێدەکات، ئارگۆمێنتی سهرانی یهكێتی بۆ لامەرکەزیی ئهوهیه كه دهڵێن “نامانهوێت له سلێمانی باجی بڕیاری یهكلایهنهی پارتی له ههولێر بدهین”.
س.ح