چاودێرێکی سیاسیی لە شاری هەولێر، دەربارەی مەترسییەکانی سەر باشوری کوردستان دەدوێت و دەڵێت، ئەگەر یەکدەنگ نەبین ئەوەشی هەمانە لەدەستی دەدەین، دەشڵێت باشوری کوردستان لەگەڵ پارچەکانیتر دەتوانێت ڕۆڵێکی باش لە ناوچەکەدا بگێڕێت و پێگەی کورد قایم بکات.
لە ناوچەکەدا جموجوڵە سیاسییەکان و هاوکات داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە باشوری کوردستان بەردەوامیی هەیە، لەم بارەیەوە بێکەس قادر چاودێری سیاسیی لە شاری هەولێر، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.
بێكەس قادر پێیوایە، هەلومەرجی ناوچەكە بە قۆناغێكی هەسیتار و مەترسیداردا تێدەپەڕێت و دەڵێت: لەسەر هەموو لایەنە سیاسییەكان بە تایبەت لە باشوری كوردستان پێویستە، درك بەو مەترسییە گەورەکان بكەن، بۆ ئەوەی لەو ڕووداوانەی لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن کورد جێگای خۆی قایمبکات، بۆ هەموو کاتەکانیش باشترین شت یەک وتاریی کوردە، بەپێچەوانەوە ئەوەشی هەمانە لەدەست یدەدەین.
بێکەس قادر باس لە باشوری کوردستان دەکات و دەڵێت پێگە و تایبەندی خۆی هەیە، بەپێویستیشی دەزانێت، “باشوری كوردستان ڕۆڵێكی كاریگەر لەگەڵ پارچەكانیتر بگێڕێت، چونكە باشوری كوردستان دەتوانێت ئەو ڕۆڵە بە باشی ببینێت، چونکە تەواوكەری پارچەكانی دیکەیە.
لە ئێستادا پەرتەوازەیی لە ناو لایەنەکانی کوردستاندا هەیە، ئەمەش هەمیشە ناڕەزایی لێکەوتووەتەوە، لەم بارەیەوە ئەم چاودێرە سیاسییە دەڵێت: بێگومان ئەم پەرتەوازییە زیانی زۆری بە کورد گەیاندووە، كورد خاوەنی یەك وتاری سیاسی هاوبەش بوایە ئێستا پێگەی كورد و هەرێمی كوردستان بەهێزتر بوو، بەڵگەش بۆ ئەمە لە چەند ساڵی ڕابردوودا پێگەی كورد و هەرێمی كوردستان لە ئێستا زۆر بە هێزتر و باشتر بوو.
س.ح