شارەدێیەکى شەنگال لەلایەن حەشدى شەعبییەوە ڕادەستى خۆسەرى شەنگال کرا

بە ڕاگەیەندراوێکى فەرمى هێزەکانى حەشدى شەعبى، شارەدێى تلعەزەر-ى شەنگال-یان ڕادەستى ئەنجومەنى خۆسەرى شەنگال و ئاسایشى ئێزیدخان کردەوە.


ئەمڕۆ شارەدێى تلعەزەر-ى سەر بە شارۆچکەى شەنگال-ى سەر بە پارێزگاى موسڵ، کە لە ساڵى ٢٠١٤ کەوتبووە دەستى چەتەکانى داعش، پاشان لەلایەن هێزەکانى حەشدى شەعبى، لە چەتەکانى داعش پاک کرابووەوە، ڕادەستى ئەنجومەنى خۆسەرى شەنگال و ئاسایشى ئێزیدخان کرایەوە.

ڕادەستکردنەوەى شارەدێى تلعەزەر، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنووسیدا ڕاگەیەندرا، کە تێیدا ئەبو عابد، وتەبێژى هێزەکانى حەشدى شەعبى، لە شارەدێکى  تلعەزەر،قسەى کردو وتى:"پیرۆزبایى لە خۆمان و گەلى عێراق و برا ئێزدییەکان دەکەین بەهۆى سەکەوتنمان بەسەر چەتەکانى داعشدا، ئەمڕۆ ئیێمە شارەدێى تلعەزەر، ڕادەستى ئەنجومەنى خۆسەرى شەنگال دەکەینەوە، پاشان هەوڵدەدەین هەموو ئەو شوێنانانى دیکەش، کە لەبەردەستى ئێمەدایە ڕادەستى برایانى ئێزدى بکەینەوە".

هەروەها وتیشى: ئێمە هەموومان پێکەوە شەڕى تیرۆرمان کردووە، تیرۆریش دژى هەموومان بووە پێکەوە، تیرۆر دینى نییە، تیرۆر دژى مرۆڤە، بۆیە ئێمە پێویستمان بەوەیە سەرەتا مرۆڤ بنیات بنێینەوە ئەوکاتە بیناکان بنیات بنێینەوە، داواکاریشین هەموو ئاوارەکان بگەڕێنەوە بۆ شوێنى خۆیان.

دواتر خەلیل نابو،ئەندامى ئەنجومەنى خۆسەرى شەنگال، قسەى کرد و سوپاسى هێزە هاوبەشە عێراقى-یەکانى کرد، بۆ ئەوەى ئەو ناوچەیەیان لە چەتەکانى داعش پاک کردووەتەوە، وتی: خۆشحاڵین بەوەى شارەدێى تلعەزەر، ڕادەستى  ئێمە کراوەتەوە، ئێمە دەتوانین ئەو ناوچانە بەڕێوە بەرین و ئەمنییەتى بپارێزین، بەڵام داوا لە پارێزگارى موسڵ و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین، کە هاوکارمان بن بۆ ئاوەدانکردنەوەى ناوچەکە و پاککردنەوەى ناوچەکە لە بۆمبى چێندراو.

د.ع