ناسنامەی هێرشبەرەکانی هەولێر ئاشکرا کرا.. نوێکراوەتەوە

دەزگای دژە تیرۆر ناسنامەی هێرشبەرەکانی ئەمڕۆی هەولێری ئاشکرا کرد، کە هەموویان دانیشتووی شارەکەن و دوانیان تەمەنی لەخوار ١٨ ساڵەوەیە.


دوای ئەوەی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێ چەکدار هێرشیان کردە سەر بینای پاریزگای هەولێر و کاتژمێر ١:٣٠ بە کوژرانیان کۆتایی بە هێرشەکە هات، کەمێک لەمەوبەر، دەزگای دژەتیرۆری سەر بە ئاسایشی هەولێر، ناسنامەی هێرشبەرانی ئاشکرا کرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوی دژە تیرۆر، ئه‌و سێ چه‌كداره‌ كوردن و دانیشتووی‌ شاری هه‌ولێرن بەناوەکانی "ره‌هێڵ  محه‌مە‌د ڕۆسته‌م مووسا له‌ دایكبووی ساڵی ٢٠٠٢، بیلال سلێمان عه‌بدولڕه‌حمان ئه‌حمه‌د له‌دایكبووی ساڵی ٢٠٠٠، عه‌بدولره‌حمان ره‌حیم قادر حوسێن له‌ دایكبووی ساڵی ٢٠٠٢"، وە سەرجەمیان خوێندکاریی ئامادەیین.

ئەو سێ چەکدارە، دانیشتووی  شاری هه‌ولێر- گه‌ڕه‌كی قه‌ڵاتی نوێن.

تا ئێستا هۆکاریی هێرشەکە ئاشکرا نەکراوە، هاوکات باس لەوەش نەکراوە، کە ئایا سەربە چ گروپێکی دیارییکراون.

جێگای باسە، لە هێرشی ئەو چەکدارانەدا، کارگوزارێک شەهیدبوو، هەروەها چوار ئەندامی هێزە ئەمنییەکانیش برینداربوون.