گۆڕان پێکهێنانی حکومەتێکی ڕزگاریی نیشتیمانیی پەسەندکرد


ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان

جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاری پێکهێنانی حکومەتێکی ڕزگاریی نیشتیمانیی پەسەندکرد.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ جڤاتی نیشتیمانیی بزوتنەوەی گۆڕان دەستی بە کۆبوونەوە کرد و بۆ بڕیاردان لەسەر ڕاسپاردەکانی جڤاتی گشتی بزوتنەوەکە و کۆبوونەوەکە بەردەوامیی هەیە.

بەپێی میدیاکانی گۆڕان، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاری پێکهێنانی حکومەتی ڕزگاریی نیشتیمانی پەسند کراوە.

جێگای ئاماژەیە دوێنێ بە سەرپەرشتی عومەری سەید عەلی، ڕیکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، جڤاتی گشتی بزوتنەوەکە کۆبووەوە و پاشان ڕاسپاردەکانی پێشکەش بە جڤاتی نیشتیمانی کرد.

کۆبوونەوەکان دوای ئەوە دێت، کە ڕۆژی ١٦ی ئەم مانگە، چەکدارانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق، هیرشیان کردە سەر شاری کەرکوک و شارۆچکەی خورماتووی سەر بە پارێزگای سەلاحەدین و پاش شەڕێکی چەند کاتژمێریی، هێزی پێشمەرگە کشانە داووە و کەرکوک و خورماتوو و سەرجەم ناوچە دابرێندراوەکان کەوتنە دەست هێزی عێراق و ڕۆژی ٢٠ی ئەم مانگە-ش چوونە ناو شارەدێی پردێ-ی سەر بە پارێزگای هەولێر و تیایدا جێگیربوون، بەوهۆیەشەوە پەیوەندییەکانی نیوان هەرێم و بەغدا گرژییەکی زۆری تێکەوتووە.

ش.ف