لە ڕۆژهەڵاتی فورات شەڕ قورسە و گوندێک ڕزگارکرا

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات- قەسەدە، ڕایگەیاند، کە گوندی شەجەلە پاش شەڕێکی قورس سەرئەنجام لە چنگی چەتەکانی داعش ڕزگارکراوە.


قەسەدە ڕایگەیاند، کە لە بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنی گەردەلوولی جزیرە بۆ ڕزگارکردنی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فورات لە چنگی چەتەکانی داعش، دوو رۆژە لە گوندی شەلەجە شەڕی قورس لەنێوان شەڕڤانان و چەتەکاندا ڕوودەدات، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ گوندەکە ڕزگارکرا.

قەسەدە جەختیشی کردووەتەوە، کە گورزی توندیان لە چەتەکان داوە و ژمارەیەکی زۆر لە تیرۆریستەکان کوژراون، هەروەها تیمە ئەندازیارییەکانی قەسەدە گوندەکەیان لە مینەکانی چەتەکان پاککردووەتەوە.

قەسەدە ئاماژەی بەوەشداوە، کە ژمارەیەکی زۆر لە چەکە سووکەکانی چەتەکان کەوتووەتە دەستی شەڕڤانانەوە.

جێگای ئاماژەیە، کە کۆتا قۆناغی ئۆپەراسیۆنی گەردەلوولی جزیرە لە ڕۆژی ١١ی ئەیلول دا دەستیپێکردووە و بەردەوامە لە پێشڕەوییەکانی.

س.ح