خۆپیشاندان لە عێراق دەستیپێكردەوە

لە شارەكانی بەسرە و ناسریە لە باشوری عێراق خۆپیشاندانی هاوڵاتیان دەستیپێكردەوە و لە بەغداش هاوڵاتیان خۆپیشاندانی فراوان دەکەن.


نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بەسرە و ناسریە هاوڵاتیان دەستیان بە خۆپیشاندان كردوە، ئێوارەی ئەمڕۆش لە مەیدانی تەحریر لە بەغدا خۆپیشاندانی فراوان بەڕێوەدەچێت و لە ئێستادا دەیان هاوڵاتی لە مەیدانی تەحریر کۆبوونەتەوە.

هاوڵاتیانی بەشداری خۆپیشاندانەكان داوای خزمەتگوزاری كارەبا و ئاوی خواردنەوە و دابینكردنی هەلی كار و دوورخستنەوەی گەندەڵكارانیان كرد.

نزیكەی دوو هەفتەیە هاوڵاتیانی باشور و ناوەڕاستی عێراق دەستیان بە خۆپیشاندان و ناڕەزایی كردوە دژی دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراق، بەهۆی خۆپیشاندانەكانیشەوە ١٢ هاوڵاتی كوژراون زیاتر لە ٥٠٠ كەسیش بریندار بوون، هەروەها زیاتر لە ٣٠٠ خۆپیشاندەریش دەستگیركراون.

هاوڵاتیانی عێراق لە سیستی حكومڕانی ئێستای عێراق بێ‌ هیوا بوون، ئەوەش كاتێك دەركەوت كە لە هەڵبژاردنەكەی ١٢ی ئایار، تەنها لە ٤٤%ی هاوڵاتیان بەشداری پرۆسەكەیان كرد.


ك.ك