یەکەمین ڕاگەیەندراو لەبارەی دانیشتنەکانی دیمەشق و باکوری سوریا بڵاوکرایەوە

ئەنجومەنی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند، کە لە دانیشتنی نێوان ئەوان و حکومەتی سوریادا بڕیاردراوە، کە چەندین کۆمیتە لەسەر هەموو ئاستەکان دابمەزرێت و دیالۆگ و دانوستانی نێوان هەدوو لایەن پێشبخرێت.


ڕۆژی ٢٦ی تەموز شاندێکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات بە سەرۆکایەتی ڕیاز دەرار، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات –مەسەدە، بە بانگهێشتی حکومەتی بەشار ئەسەد چووە دیمەشق، لەبارەی دانیشتنەکانی دیمەشقەوە مەسەدە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوی مەسەدەدا هاتووە: لەسەر بانگهێشتی حکومەتی سوریا، ڕۆژی ٢٦ی تەموز لە دیمەشقی پایتەخت دانیشتنێک لەلایەن شاندی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات و حکومەتی سوریا ئەنجامدرا، مەبەست لەو دیدارە دەستپێکردنی دیالۆگ بۆ چارەسەری ئاڵۆزییەکان و پرسەکانی سوریا لە هەموو ئاستەکاندایە.

لە بەردەوامیدا هاتووە: پێش ئەو دیدارە، لە شاری تەبقا لەنێوان دوو کۆمیتەی بچوکی دوو لایەنەکەدا دیدار ئەنجامدرابوو، لەو دیدارانەدا بابەتی خزمەتگوزاری لە باکوری سوریا خرابووە بەر باس.

لەکۆتاییشدا مەسەدە ڕایگەیاند: لە ئەنجامی کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا، کە چەندین کۆمیتە لە هەموو ئاستەکاندا بەمەبەستی دیالۆگ و دانوستان و کۆتاییهێنان بە توندوتیژی و شەڕ لە کۆمەڵگادا پێکبێت، هەروەها نەخشەڕێگایەک ئامادە بکرێت بۆ ئەوەی ڕێخۆشکەر بێت بۆ پێکهێنانی سوریایەکی دیموکرات و لامەرکەزیی.


ک.ک