کۆمسیۆن: ئەنجامی ژماردنەوەی دەنگی هیچ پارێزگایەکمان ڕانەگەیاندووە

کۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌کانی عیراق ڕایگه‌یاند، کە تا ئێستا ئه‌نجامی ژماردنه‌وه‌ی ده‌ستیی ده‌نگه‌کانیان له‌ هیچ پارێزگایه‌ک بڵاونه‌کردووه‌ته‌وه‌ و دوای کۆتاییهاتنی پرۆسه‌که‌، ئه‌نجامه‌کان به‌ فه‌رمی راده‌گه‌یه‌نن.


ئه‌مڕۆ، له‌یس جه‌بر، وته‌بێژی کۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراق ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە ڕاگەیاندنی ئەنجامی پرۆسەی ژماردنەوەی دەستیی دەنگەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ڕەتی دەکاتەوە، کە کۆمسیۆن هیچ ئه‌نجامێکی ژماردنه‌وه‌ی ده‌ستیی ده‌نگه‌کانی پارێزگاکانی بڵاوکردبێتەوە و دەڵێت:"دوای ته‌واوبوونی هه‌ژمارکردنه‌وه‌ی ده‌ستیی بۆ سه‌رجه‌م ئه‌و سندوقانه‌ی که‌ سکاڵایان له‌سه‌ره‌، ئه‌نجومه‌نی کۆمسیاران به‌ فه‌رمیی ئه‌نجامی کۆتایی سه‌رجه‌م پارێزگاکان بڵاوده‌کاته‌وه‌".

هەروەها، ڕایگەیاندووە: ژماردنه‌وه‌ی ده‌ستیی ده‌نگه‌کان بۆ پارێزگاکانی که‌رکوک، سلێمانی، هه‌ولێر، دهۆک، نه‌ینه‌وا، سه‌لاحه‌دین، ئه‌نبار، واست، دیوانیه‌، موسه‌نا زیقار به‌سره‌ ته‌واو بووه‌ و تائێستا پرۆسه‌ی هه‌ژمارکردنه‌وه‌ی ده‌ستیی ده‌نگه‌کان لە چەند پارێزگایەکی دیکە بەردەوامە.

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ١٢ی ئایاری ئەمساڵ بەڕێوەچوو، بەهۆی ناڕزایبوونی ژمارەیەکی زۆری لایەنەکان لە ئەنجامی دەنگدانە ئەلیکترۆنییەکە، ئەنجومەنی نوێنەران و دادگای فیدراڵیی بڕیاری ژماردنەوەی دەستیی سەرجەم دەنگەکانیان دا و نۆ دادوەریان بە سەرپەرشتیاری پرۆسەکە دیارییکرد.

دواتر، نۆ دادوەرەکە بڕیاریدا بە ژماردنەوەی دەنگەکانی ئەو سندوقانەی، کە سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە و رۆژی ٣ی ئه‌م مانگه‌ ئەژمارکردنەوەی دەستیی دەنگەکان لە پارێزگای که‌رکوکەوە دەستیپێکرد.

س.ح