خوێندنی كوردی لە خانەقین لە پاشەكشێدایە

 خوێندنى کوردى لە شارۆچکەى خانەقین پاشەکشێى بەرچاوى بەخۆیەوە بینیوە، بەجۆرێک لەکۆى ٧٤ خوێندنگەى کوردى تەنها ٣٠ خوێندنگا ماونەتەوە، مەترسییەکانى سەر خوێندنى کوردى-ش لەو شارۆچکەیە خەمخۆرانى پەروەردەیى کۆکردەوە.


کاتژمێر ٤:٠٠ى ئێوارەى ئەمڕۆ، لەهۆڵى ڕووناکى سەلام، لە شارۆچکەى خانەقین، کۆڕێک لەلایەن لیژنەى کارى هەرەوەزى خانەقین ڕێکخرا، بۆ قسەکردن لەسەر مەترسییەکانى بەردەم خوێندنى کوردى لە خانەقین.

لە سیمینارەکەدا ژمارەیەك مامۆستا و بەرێوبەری قوتابخانە کوردییەکان و ژمارەیەك بەرێوبەری کارگێڕى لە بەڕێوبەرایەتى پەروەردەى شارۆچکەى خانەقین و پارێزگاى دیالە ئامادە بوون.

 وریا حەسەن، ئەندامی لیژنەی كاری هەرەوەزی خانەقین، لەبارەى چالاکییەکەیانەوە بە ڕۆژنیوزی وت: ئەم چالاکییەمان بە ئامانجى گفتوگۆكردن لەسەر كێشەی خوێندنی كوردی لە خانەقین ڕێکخستووە، چونكە ڕۆژ لەدواى ڕۆژ ژمارەی خوێندكارى خوێندنگا کوردییەکان ڕوو لە كەم بوون دەکات, ئەمەش کێشەیەکى گەورەیە دەبێت ڕێگا چارەى بۆ بدۆزینەوە.

ناوبراو ئاماژەى بەوەشکرد، کە هەوڵدەدەن هۆکارەکانى پشت کەمبونى خواست لەسەر خوێندنى کوردى لە خانەقین دەستنیشان بکەن و کار بکەن بۆ ئەوەى هاوڵاتیان منداڵەکانیان لە خوێندنگا کوردییەکان دەرنەهێنن.

داود حەسەن، سەرپەشتیارى پەروەردەیى لە پەروەردەی خانەقین، بە ڕۆژنیوزی وت: پاش ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرى ساڵى ٢٠١٧ ڕێژەی خوێندكار لە خوێندنی كوردی كەمی كردووە، بە شێوەیەک، کە لە هەندێک قوتابخانەی عەرەبی لە پۆلی یەك  دەیان خوێندكار هەیە، بەڵام لە قوتابخانەی كودییەكان تەنها چەند خوێنكارێك هەیە.

 ناوبراو تیشکى خستە سەر هۆکارەکانى کەمکردنى خوێندکار لە خوێندنگا کوردییەکان و وتى: هەندێك بەرپرس منداڵەکانی خۆیان ناردە خوێندنگا عەرەبییەکان، بۆیە هاوڵاتیان چاویان لەوانکرد ومنداڵەکانیان ناردە خوێندنگا عەرەبییەکان، ئەوەش خواستى لەسەر خوێندنگا کوردییەکان کەمکردووەتەوە، هەروەها لەلایەکى دیکەوە هەستی نەتەوەیی كەمی كردووە، ئەوەش بەهۆى بڕوانەمانى خەڵک بە لایەنە کوردییەکانەوەیە.

د.ع