یەپەگە، ڕزگارکردنى ڕەقە گورزێکى گەورەبوو لە داعش و هاوکارەکانى

یەکینەکانى پاراستنى گەل- یەپەگە، لە ڕاگەیەندراوێکدا پیرۆزبایى ساڵیادى ڕزگارکردنى شارى ڕەقە، دەکات و دەڵێت، کە ڕزگارکردنى شارى ڕەقە تەنها گورزى لە چەتەکانى داعش نەدا، بەڵکو گورزى لە هەموو ئەو هێزانەدا، کە هاوکارى چەتەکانى داعش-یان دەکرد.


فەرماندارێتى یەکیەنەکانى پاراستنى گەل – یەپەگە، ڕاگەیەندراوێکى بەبۆنەى ساڵیادى ڕزگارکردنى شارى ڕەقە-ى باکورى سوریا، لە دەستى چەتەکانى داعش بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، یەپەگە، پیرۆزبایى ساڵیادى ڕزگارکردنى شارى ڕەقە دەکات و دەڵێت: ساڵێک لەمەوبەر شارى ڕەقە، بە بەرخۆدانێکى گەورە لەدەستى چەتەکانى داعش ڕزگار کرا، بۆیە سەرەتا پیرۆزبایى ساڵیادى ڕزگارکردنى ڕەقە، لە گەلى ڕۆژئاواى کوردستان و باکورى سوریا و هەموو مرۆڤایەتى دەکەین، لەم ساڵیادەدا بە ڕێزەوە یادى ئەو شەهیدانە دەکەینەوە، کە بوونە هۆى ڕزگارکردنى شارى ڕەقە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، هاتووە، کە هێزەکانى قەسەدە و یەپەگە و یەپەژە، بە بەرخۆدانێکى گەورە و بە شەڕى کۆڵان بە کۆڵان، ئەو شارەیان لە دەستى چەتەکانى داعش ڕزگار کرد، کە وەک پایتەختى خۆیان ڕایانگەیاندبوو.

لە درێژەى ڕاگەیەندراوەکەى یەپەگە-دا هاتووە، کە چەتەکانى داعش لەساڵى ٢٠١٤ دا ناوچەبەکى فراوانیان لە عێراق و سوریا داگیرکرد، هەموو ئەشکەنجە و کوشتن وفشارێکیان بەرامەبەر بە ژن و مناڵ و پیر و هاوڵاتیان و پێکهاتە ئاینى و نەتەوەییەکان بەکار هێنا، هەروەها هاوکارییان لە دەوڵەتى تورکى داگیرکەر و گەلێک هێزى نێونەتەوەیى وەردەگرت، لە ڕێگەى ئەو هاوکارییانەوە دەیانویست جێپێى خۆیان لەو ناوچانەى، کە داگیریان کردووە بەهێز بکەن و ببنە هێزێکى داگیرکەر لە ڕۆژهەڵاتى ناوڕاستدا.

هەوەها دەشڵێن: ڕزگارکردنى شارى ڕەقە، تەنها گورزى لە داعش نەدا، بەڵکو لەهەمان کاتدا گورزى لە هاوکارەکانى داعش-دا، گورزى لەو هێزانە دا کە دەیانوێست لەڕێگەى چەتەکانى داعش-ەوە، زیاتر خۆیان لە ناوچەکەدا بەجێ بکەن.

یەپەگە، لەڕاگەیەندراوەکەدا تیشکى خستووەتە سەر گرنگى ڕزگارکردنى شارى ڕەقە و دەڵێت: ڕزگار کردنى شارى ڕەقە، تەنها ڕزگاکردنى شارێک نییە، بەڵکو لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى گرنگى خۆى هەیە، ڕزگارکردنى ڕەقە بۆ شەڕى بەرخۆدانى دیموکراتییانەى گەلان هەنگاوێکى گەورەبوو، ئەو هەنگاوەش لەلایەن  هێزى ژن، کە پێک هاتبوون لە یەکینەکانى پاراستنى ژن- یەپەژە و یەکینەکانى ژنى شەنگال-یەژەشە، پێشەنگایەتى کرا، کە بە ڕزگارکردنى گەلى ڕەقە و ژنانى ئێزدى دەستى داعش سەرکەوتنى بەدەست هێنا، بەوەش ئەو بیرە تێکشکێندارا کە هێزى ژن بە بچوک دەبینێت.

لە کۆتایى ڕاگەیەندراوەکەدا، یەپەگە، دەڵێت، کە بە ئازادکردنى ڕەقە، هاوسەنگى سیاسى لە ناوچەکەدا گۆڕدرا، لەناوچوونى داعش، کاریگەرى لەسەر هەندێک هێز دروستکرد، ئەوەى واى کرد، کە لەدواى ڕزگارکردنى ڕەقە، کورد ڕووبەڕووى هێرشێکى نوێ ببێتەوە، ئەو کاتەى ڕەقە ڕزگار کرا، کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکانى باشورى کوردستان ڕووبەڕووى هێرش بوونەوە، دەوڵەتى تورکى داگیرکەر ساڵانێک بوو دەیویست لە ڕۆژئاواى کوردستان ببێتە هێز، بۆیە لەڕێگەى چەتەکانەوە هێرى دەکردە سەر ڕۆژئاواى کوردستان، بەڵام لەدواى شکانى داعش، خۆى دەستى بە هێرشکردن کرد، داگیرکردنى عەفرین و هەرێمەکانى دیکە لەلایەن ڕاستەوخۆ پەیوەندى بە شکستى داعش-ەوە هەیە لە ڕۆژئاواى کوردستان.

 د.ع