پارتی وەڵامی یەکێتی دەداتەوە

پارتی لە لە کەرکوک وەڵامی یەکێتی دەداتەوە لەبارەی پۆستی پارێزگارەوە و ڕایدەگەیەنێت، کە پارێزگاری كەركوك مافی كوردە، نەك یەكێتی، مەرجی گەڕانەوەشیان ئاشکرا دەکات، کە کە گەڕانەوەی سوپایە بۆ سەربازگەکانی پێشوویان و نەمانی حەشدی شەعبی-یە لەو شارە.


لەسەر نەگەڕانەوەی پارتی بۆ كەركوك، بە تایبەتی بەشداریینەكردنیان لە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی پارێزگا و كاراكردنەوەی ئەنجومەنەكە و هەڵبژاردنی پارێزگارێك بۆ كەركوك، محەمەد كەمال ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و بەرپرسی پێشووی لقی سێی پارتی لەكەركوك، تایبەت بەڕۆژنیوز لێدوانی دا.

"تا ماڵەكانمان داگیركرابێت، ئەنجومەن چۆن كارا دەبێتەوە"

محەمەد كەمال، ئاماژەی بە هۆکاری نە گەڕانەوەی حزبەکەیان کرد بۆ کەرکوک و کاراکردنەوەی ئەنجومەنی پارێزگا و وتی:"ئەنجومەنی پارێزگا لەو ڕۆژەوە لەكاركەوت، ماڵەكانمان داگیركراوە ئێستا حەشدی تێدایە، ئەنجومەن چۆن كارادەبێتەوە كە من ماڵەكەم پارێزراو نەبێت؟ ئەوان دەست بۆ ماڵەكانمان درێژبكەن چۆن دەست بۆ خۆمان و منداڵەكانمان درێژناكەن؟".

"سوپا بچێتەوە مۆڵگەكانی و حەشدی شەعبی نەمێنێت دەگەڕێینەوە"

وەک محەمەد، باسیکرد، پ.د.ک مەرجی هەیە بۆ گەڕانەوەی بۆ کەرکوک و وتی:"چاوەڕێی حكومەتی نوێی عێراقین پێكبهێنرێت و بزانین سەرۆك وەزیران لەگەڵ پرسی كەركوكدا چۆن مامەڵەدەكات، بەئومێدی ئەوەی مامەڵەیەكی ئاشتەوایی بێت و سوپا بگەڕێتەوە مۆڵگە سەربازییە دیاریكراوەكانی خۆی، هەروەها دەبێت حەشدی شەعبی لە هەموو كەركوكدا نەمێنێت، چونكە ئیشی ئەوان لە كەركوك نییە، پێشمەرگەش بە هاوبەشی بگەڕێتەوە بۆ پاراستنی شاری كەركوك، ئێمە بەو شێوەیە بێت دەگەڕێینەوە و ئەنجومەنیش كارا دەكەینەوە".

"پارێزگار مافی كوردە مەرج نییە تەنها بۆ یەكێتی بێت"

لەبارەی پۆستی پارێزگاری كەركوكەوە، كە هەوڵێك لە ئارادایە پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك دابنرێت و یەكێتی بە پشكی خۆی دەزانێت، ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای پارتی ڕایگەیاند:"پۆستی پارێزگار مافی كوردە، بەڵام مەرج نییە ئیستیحقاقی یەكێتی بێت، ئەمەش با وەک سەرۆك كۆمار-ی لێنەیەت، كە وتمان با كوردێك بێت و بێلایەن بێت، بۆ پارێزگاریش هەر وادەڵێین، باكوردێك بێت و بێلایەن بێت، نە پارتی بێت نە یەكێتی، بەڵكو كوردێكی پاك بێت".

"بۆ وەرگرتنی مووچە نەگەڕاوینەتەوە كەركوك"

پێشتر بەرپرسێكی یەكێتی لە كەركوك بە ڕۆژنیوزی وتبوو، كە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سەر بە پارتی دێنە كەركوك و مووچەكانیان وەردەگرن، لەو بارەیەوە ئەو ئەندامەی ئەنجومەن وتی:"نەچووین بۆ مووچە، بەڵام مووچە مافی خۆمانە، پێشتر بەرەی توركمانی شەش ساڵ و عەرەبەكان سێ ساڵ بایكۆتی ئەنجومەنی پارێزگایان كرد و هەموو ئیمتیازێكیان وەردەگرت، بۆ ئەوكات ئەو لایەنە دەنگی نەكرد؟

پێشتر ڕەوەند مەلا مەحمود جێگری بەرپرسی مەڵبەندی دووی یەكێتی لە كەركوك، بەڕۆژنیوزی وتبوو، پۆستی پارێزگاری كەركوك پشكی كوردە و دیارە لەناو كوردیشدا پشكی یەكێتییە، بەو پێیەی زۆرینەی دەنگەكانی كەركوكی بەدەستهێناوە، ئەمڕۆش سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتی، جەختی کردەوە، کە مەسەلەی کەرکوک قابیلی مساوەمە نییە و ئەو پۆستە بۆ یەکێتی دەبێت.

 

ش.ف