پارتی دەنگی کەمیکردووە و کورسییەکانی زیادیکردووە

بە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی پێشوویی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان- عێراق، پ،د،ک، ڕێژەی دەنگەکانی زیاتر لە ٦٠ هەزار دەنگ کەمیکردووە، بەڵام لە ٣٨ کورسییەوە، ژمارەکەی بەرز بووەتەوە بۆ ٤٥ کورسی.


نیوە شەوی ڕابردوو کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کورستان، ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی ٣٠ی ئەیلولی بۆ پەرلەمانی هەرێمی کورستان ڕاگەیاند.

بەهۆی ئەوەی هاوڵاتییەکی زۆر نائومێد بوو لە دەسەڵات و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کورستان، ڕێژەی دەنگدان بەگشتی ٥٧٪ بوو، ئەوەش بەپێی ئاماری فەرمی کۆمسیۆن، ئەمەش زیاتر دەنگدەرانی ناڕازی بوون کە بەشدارییان نەکرد و ڕێژەی ٤٣٪یان پێکهێنا، بەوهۆیەشەوە ڕێژەی بەدەستهێنانی کورسییەکان دەنگی کەمتر لە ڕابردووی پێویست بوو.

لەم هەڵبژاردنەدا پارتی ئەگەرچی ٦٣٩٦٤ دەنگ کەمیکردووە، کە بەپێی ڕێژەی دابەشکاریی دەنگەکان بۆ کورسییەکانی ئەمجارە، بەهای چوار کورسی کەمیکردووە، بەڵام سەرەڕای کەمیکردنی دەنگی ئەم حزبە، حەوت کورسی زیادی کردووە و ڕێژەکە لە ٣٨ کورسییەوە بووە بە ٤٥ کورسی.

پارتی لەم هەڵبژاردنەدا، ٦٨٠،٠٧٠ دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا لە ساڵی ٢٠١٣، ٧٤٣،٩٨٤ دەنگی بەدەستهێنابوو، بەم ڕێژەیەش ٦٣،٩١٤ دەنگ کەمیکردووە، بەڵام کورسییەکانی لە ٣٨ کورسییەوە بووە بە ٤٥، ئەمە وێڕای تێبینی چاودێران و لایەنە سیاسییەکان، کە پارتی بە ئەنجامدانی "ساختەکارییەکی زۆر" تۆمەتبار دەکەن.

لە ئێستادا لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، جگە لە پارتی و یەکێتی، کە یەکێتی-ش ٢١ کورسی بەدەستهێناوە و سێ کورسی زیادیکردووە لە هەڵبژاردنی پێشوو، لایەنەکانی دیکە نیگەرانن لە ئەنجامەکان و بە شێوازی جیاجیا ناڕەزایی دەردەبڕن، بۆیە ئەگەر هەیە لە ڕۆژانی ڕابردوودا گۆرەپانی سیاسیی هەرێمی کورستان جموجوڵی ناڕەزایی و کاردانەوەی جیاواز دەربارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بەخۆیەوە ببینێت و ئەوەش پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم بۆ پارتی و یەکێتی قورستر بکات.

جێگای ئاماژەیە، لە کاتی ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکاندا، نوێنەری بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی لە کۆمسیۆن بایکۆتی پرۆسەکەیان کرد کە خاوەنی چوار کورسین لە ٩ کورسی ئەنجومەنی کۆمسیاران، بەڵام بە دەنگی پێنج ئەندام کە لە پارتی و یەکێتین ئەنجامی کۆتایی پەسەندکرا.

س.ح