عێراق، لە خۆپیشاندانەکانی دوێنێدا دەیان کوژراو و بریندار هەیە

لە خۆپیشاندانەکانی دوێنێی بەشێک لە ناوچەکانی باشور و ناوەڕاستی عێراقدا، ٢ کەس کوژران و ٤٥ کەسی دیکەش برینداربوون، کە ئەندامی هێزە ئەمنییەکانیش لەناو بریندارەکاندا هەن.


هاوشێوەی ڕۆژانی ڕابردوو، دوێنێش لە هەریەکە لە شارەکانی بەغدا، نەجەف، دیوانییە و زیقار، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی هاوڵاتیان دژی نەبوونی خزمەتگوزاریی و هەبوونی گەندەڵی بەڕێوەچوو ، تێیاندا گرژی و ئاڵۆزیی لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکاندا ڕوویدا.

دەربارەی ئاماری قوربانیانی دوێنێی خۆپیشاندانەکان، سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا ڕایگەیاندووە، کە لە ئەنجامی خۆپیشاندانەکانی دوێنێدا، ٢ کەس کوژراون و ٤٥ کەسی دیکەش برینداربوون، کە ئەندامی هێزە ئەمنییەکانیش لە ناو بریندارەکاندا هەن.

بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستی عێراق، دوو کوژراوەکە یەکێکیان لە پارێزگای دیوانییە بووە و ئەوی دیکەیان لە پارێزگای نەجەف بووە.

خۆپیشاندانەکانی دوێنی لە کاتێکدابوو، کە نزیکەی دوو هەفتەیە، خۆپیشاندان لە بەشێکی زۆری شارەکانی باشور و ناوەڕاستی عێراق لە دژی نەبوونی كارەبا و ئاوی خواردنەوە و بێكاریی و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی دیكە بەردەوامە.

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردووش، کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، ئاماری قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی ڕاگەیاند و بەگوێرەی ئامارەکەش، لە خۆپیشاندانەكانی باشور و ناوەڕاستی عێراقدا جگە لە قوربانییەکانی دوێنی، ١٢ خۆپیشاندەر كوژراون و ٥٧١ كەسیش بریندار بوون، لەو ڕێژەیە ١٩٥ كەسیان مەدەنیین و ئەوانی دیكەش لە هێزە ئەمنییەكانن كە برینداربوون.

س.ح