ئەو ژنەی داعش بەدیلی گرتبوو بووبە ئەندامی ئەنجومەنی پادێ

خەمێ بەرکات، ژنێکی گەنجی ئێزدی کە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە بەدیلگیرابوو پاش ئەوەی ڕزگارکرا، بوو بە ئەندامی ئەنجومەنی پارتی ئازادی و دیموکراسی ئێزدییان- پادێ.


ژنانی ئێزدی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر خۆیان ڕێکدەخەن، دوێنێ کۆنگرەی پادێ بە ئامادەبوونی ٣٠٠ بەشدار و میوان ئەنجامدرا، لە کۆنگرەی پادێ دا خەمێ بەرکات خوەدێدا بە ٩٠ دەنگ وەک ئەندامی ئەنجومەنی پادێ هەڵبژێردرا.

خەمێ بەرکات خوەدێدا ماوەی سێ ساڵ لە چنگی چەتەکانی داعشدا دیل بوو، دواتر لەلایەن شەڕڤانانی یەبەشە و یەژەشەوە ڕزگارکرا، ئێستاش لە دووەمین کۆنگرەی پادێدا وەک ئەندامی ئەنجومەنی حزبەکە هەڵبژێردراوە.

لەبارەی بەشداریکردنی لە سیاسەتدا وتی، کە لەو ڕووەوە کە شەڕڤانان منیان لە چنگی چەتەکانی داعش ڕزگارکرد و وەک ژنێکی ئێزدی سەختی زۆرم بە دەستی چەتەکانەوە کێشا، بڕیارمدا بە بەشداربوونم لە پادێ-دا لە سیاسەتدا بەشداری بکەم، بۆ ئەوەی بتوانم خزمەتی ژنانی ئێزدی بکەم، پێموایە کەسێک کە سەختی کێشابێت دەتوانێت خزمەتی زیاتر و باشتر بکات.

هەروەها بانگەوازیی ژنانی ئێزدی کرد کە لە هەموو جۆرە کار و خەباتێکدا بەشداری بکەن و، وتی: بۆ ئەوەی بتوانین تۆڵەی دایکان و خوشکانمان بکەینەوە پێویستە بەشداری کار و خەباتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بین، بۆ ئەوەی ژنانی ئێزدی جارێکی دیکە سەختی و زەحمەتیی لە جۆرەیان بەسەرنەیەت پێویستە خۆمان ڕێکبخەین.

س.ح