تۆمەتباری كوشتنی خێزانەكەی گوڵاڵە دەستگیركرا

تۆمەتباری كوشتنی خێزانە سێ كەسییەكەی شارەدێی گوڵاڵە دەستگیركرا و دانی بەتاوانەكەیدا نا، دەركەوت كەسی نزیكی ئەو خێزانەیە.


ڕۆژی ٢١ی ئەم مانگە، لە گەڕەكی تەجنید-ی شارەدێی گوڵاڵە-ی سەر بە شارۆچكەی خانەقین، خێزانێكی سێ كەسی، كە لە پیاوێك و هاوسەرەکەی و كچێكیان پێكهاتبوو، گیانیان لەدەستدا و بەپێی وتەی بەرپرسانی ئەمنی سنوورەکە بۆ ڕۆژنیوز، سەر بڕدرابوون، بەڵام ئەمڕۆ تۆمەتبارەکە دەستگیرکرا و ئاشکراش بوو، کە بە فیشەک کوژراون.

عەقید 'ڕەباح مەهدی' بەڕێوەبەری پۆلیسی شارەدێی گوڵاڵە بە ڕۆژنیوزی وت: ئەمڕۆ تۆمەتباری كوشتنی خێزانەكەی گوڵاڵە دەستگیركرا و ئەو چەكەش كە تاوانەكەی پێ ئەنجامدراوە دەستی بەسەردا گیراوە.

بەڕێوەبەری پۆلیسی شارەدێی گوڵاڵە ئاشكراشیكرد، كە تۆمەتبارەكە خوشكەزای ئەو پیاوەیە كە لەگەڵ ژنەكەی و كچەكەیدا كوژراوە، تۆمەتبار هەر ئەمڕۆ لەبەردەم دادگا دانی بە تاوانەكەیدا ناوە، وتوێتی بۆ دزیكردن لە ماڵی خاڵی چووەتە ئەوێ و تاوانەكەی ئەنجامداوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، دوای ڕووداوەکە شیخ یه‌عقوب یوسف، به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی گوڵاڵه، بە ڕۆژنیوزی وتبوو: له‌ گه‌ڕه‌كی ته‌جنید، خێزانێكی سێ كه‌س له‌ نێو ماڵه‌كه‌ی خۆیاندا، به‌چه‌قۆ سه‌ربڕاون، تا ئێستا نازانرێ چۆن و به‌ چ شێوازێك و له‌لایه‌ن كێوه‌ ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ ئه‌نجامدراوه‌‌.

هاوکات عەقید غالب عەتیە، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دیالە، بە ڕۆژنیوزی وتبوو:"ئەوانەی هەڵیان کوتاوەکە سەر ئەو ماڵە ژمارەیەک چەکدار بوون، ماڵەکە لە شوێنێکی چۆڵدایە، بۆیە ڕەنگە ڕووداوەکە تەنها تاوانکاری بێت، نەک تیرۆرستی".

ڕۆژنیوز زانیویه‌تی، ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ی ئه‌م خێزانه‌ی لێ نشته‌جێیه،‌ گه‌ڕه‌كێكی عه‌ره‌ب نشینه‌ و دانیشتوانه‌كه‌ی له‌ هۆزی كه‌ره‌وین.

هه‌روه‌ها، به‌ پێی زانیارییه‌كانی ڕۆژنیوز، پیاوی ماڵەکە، ناوی عەبدولڕەحمان ودود-ە و خاوەنی فڕنێکی سەمون دروستکردنە، هاوسەرەکەشی ناوی ڕەیان-ە و کچەکەشی ناوی حەنین-ە.

س.ح