کاندیدێکی گۆڕان: دەبێت وەک ڕۆژئاوا تاک لێرەش ڕۆڵی هەبێت

تەلار عەلی، ژنە کاندیدێکی بزووتنەوەی گۆڕانە بۆ ئەم هەڵبژاردنەی هەرێمی کورستان و باس لە گرنگی دەنگدان و کارەکانی داهاتوویان دەکات، هەروەها ئەزموونی باکور و ڕۆژئاوای کوردستان لە خۆبەڕێوەبەرییدا دەخاتەڕوو، دەشڵێت "دەبێت تاک لێرەش هەمان ڕۆڵی هەبێت".


وابڕیارە ٣٠ی ئەم مانگە، هه‌ڵبژاردنی پێنجەمین خولی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، لەم هەڵبژاردنەدا ٧٧٣ کاندید کێبڕکێی بەدەستهێنانی ١١١ی کورسی دەکەن، لەو ڕێژەیەش ٢٤٩ کاندیدیان ژنن، دەربارەی بەرنامە و کارەکانی داهاتوویان و بینینیان بۆ دۆخی ئێستای هەرێم، تەلار عەلی کاندیدی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

تەلار عەلی کاندید کە هاوکات مامۆستای زانکۆشە، پێی وایە، هۆکاری چارەسەرنەکردنی کێشەکانی خەڵک دەگەڕێتەوە بۆ قۆرخکردنی ئەو دامەزراوانەی کە لەلایەن دوو حزبەوە بەڕێوەدەبرێن و دەشڵێت "دەرفەتەکان بە کاردێنن بۆ خۆ دەوڵەمەندکردنی خۆیان و هەژارکردنی هاوڵاتییان، ئەوەندەش لە بیر خۆیاندان بە دوای چارەسەریی کێشەکانی خەڵکەوە نین".

تەلار لە قسەکانیدا باس لەوە دەکات، کە لە ئێستادا بۆ نەهێشتنی کاریگەریی حزبایەتی پێویست بە بەهێزبوونی ئۆپۆزسیۆنە، چونکە وەک ئەو دەڵێت "ئەم حزبانە سەرەتا هاتن خۆیان خستە ئاستی پیرۆزییەوە و دەیانەوێت کۆمەڵگا پەرتوبڵاو بکەن".

ناوبراو وتیشی: ئێمە هەموو هەوڵەکانمان بۆ ئەوەیە کە زۆرترین دەنگدەری خەڵک و گۆڕان و ئۆپۆزسیۆن ئامادەبن، چونکە کاتێک دەنگدەری ئۆپۆزسیۆن ئامادە نابن بە بەرژەوەندی دەسەڵاتدا دەشکێتەوە.

ئەوەی بەتایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەبینرێت و هەندێک حزبیش ئاماژەیان پێکردووە، نەبوونی متمانەی هاڵاتییانە دەربارەی دەنگدان و هەڵبژاردن، لەو بارەیەوە ئەو کاندیدەی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت: خراپبوون و دروستبوونی ئەم بارودۆخە بەشێکی ناهۆشیاریی خەڵکە، چونکە ئەوەی ڕوودەدات لە نائومێدکردنی خەڵک بەشێکە لەو ململانێی دەسەڵات، کە دەیەوێت لە گەڵ هەموو هێزەکانی ئۆپۆزسیۆندا بیکات، بۆ ئەوەی بڵێت ئێوە هیچتان پێ ناکرێت و کاتێک گۆڕان هات ویستی دەستبەرێت بۆ چاکسازی و گۆڕانکاری و ئەوان دەرگاکانیان لێ داخست، بۆیە نائومێدبوون کەس بەهیچ ناگەیەنێت، دەبێت لە بەرامبەریدا بە ئومێدەوە بڕوانین.

تەلار عەلی باس لە ئەزموونی ڕۆژئاوا و باکوری کوردستان دەکات و وەها دەدوێت: دەبێت هەوڵەکانی باکوور و ڕۆژئاوا بە نموونە وەربگرین، کە چۆن قۆناغی خێراتر دەبڕێت و چۆن کار دەکەن بۆ پیادەکردنی سیستمی خۆبەڕێوبەریی، ئاواش لێرە خەڵک ڕۆڵی هەبێت و ئەرکی هەر تاکێکە کە بچێتە دەنگدان، چونکە هەر ئەوانن بڕیاردەری سەرەکین لە پڕۆسەی سیاسی، دەنگ نەدانیش لە لایەکیترەوە دەبێتە برەودان بە ساختەکاری.

س.ح