فراکسیۆنى نەوەى نوێ: بێدەنگى پەرلەمانتاران دژى تورکیا خیانەتە

فراکسیۆنى نەوەى نوێ، لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، ڕاگەیەندراوێکى لەبارەى بۆردوومانکردنى ئامێدى لەلایەن سوپاى تورک-ەوە بڵاوکردە  و تێیدا ئیدانەکە هێرشەکە دەکات و دەشڵێت، کە بێدەنگى پەرلەمانتارانى هەرێم و بەغدا بەرامبەر بەو بۆردوومانکردنانە خیانەتکردنە لەو سوێندەى کە خواردوویانە.


نیوەڕۆی ڕۆژی ١٤ى ئەم مانگە، فڕوکە جەنگییەکانی سوپای تورک-ى داگیرکەر بۆردوومانى گوندی ئەرەدنای سەر بە دەڤەری ئامێدی لە پارێزگای دهۆک، کرد، لە ئەنجامی ئەو بۆردوومانەدا سێ هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا بەناوەکانی ئیسماعیل حەسەن، دلۆڤان ساڵح و ڕەمەزان محەمەد.

فراکسیۆنى نەوەى نوێ، لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، ڕاگەیەندراوێکى لەو بارەیەوە بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێن: ئەو ناوچەیەى تورکیا بۆردوومانى کردووە، ناوچەیەکە هیچ بارەگایەکی سەربە پارتی کرێکارانی کوردستانی لێ نزیک نییە تا بکرێتە بیانوی هێرشەکان، ناوچەیەکی گوندنشینە و دەیان خێزانی لێدەژی، کە گوزەرانیان لەسەر کاری کوشتوکاڵی یە، بەڵام بەردەوامی بۆردومانەکانی سوپای تورکیا و بێدەنگی حکومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆتە هۆی زیادبونی ژمارەی شەهیدەکان و چۆڵبونی دەیان گوند و ناوچەی کشتوکاڵی.

دەشڵێن: ئێمە وەک فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، بە توندی ئیدانەی بۆمبابارانی ئاسمانی سوپای تورکیا دەکەین لە دەڤەری ئامێدی لە پارێزگای دهۆک، کە بویە هۆی گیان لە دەستدانی سێ هاوڵاتی مەدەنی، کە سەرقاڵی کارکردن بوون لە کێڵگەکانی خۆیان.

فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق نیگەرانى خۆى لە بێدەنگى لایەنە پەیوەندیدارەکان دەخاتەڕوو لە بەرامبەر ئەو بۆردوومانە کوێرانانەى سوپاى تورکیا لە باشورى کوردستان ئەنجامى دەدات و دەڵێت: لە کاتێکدا بۆمبابارانی فرۆکە جەنگییەکانی تورکیا، پێشێلکاری تەواوی سەروەری خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان و شکاندنی شکۆی دەوڵەتە، کەچی هیچ هەڵوێستێکی جدیمان لە حکومەتی عێراقی و هەرێم نەبینییوە بۆ سنوردانان بۆ بێڕێزی کردن بەرامبەر گیانی هاوڵاتیانی وڵاتەکەمان، هەر بێدەنگییەکی حکومەت و پەرلەمانی عێراق و هەرێمی کوردستان خیانەت کردنە لەو سوێندە دەستورییەی کە خواردیانە لەبەردەم گەلی عێراق بۆ پاراستی سەروەری خەڵک و خاکی عێراق.

فراکسیۆنى نەوەى نوێ، لە کۆتایى ڕاگەیەندراوەکەیاندا بۆ ڕێگریکردن لە پێشێلکارییەکانى سوپاى تورک لە خاکى باشورى کوردستان و قەرەبووکردنەوەى زیانلێکەوتووان چەند پێشنیارێکییان کردووە کە بریتین لە:

1. ئیدانەکردنی هێرشەکە و بە هاناوەچونی کەسوکاری قوربانییەکان

2. بانگهێشتکردنی باڵوێزی تورکیا بۆ لێپرسینەوە و گەیاندنی پەیامێکی ڕوون کە خاکی عێراق و خەڵکەکەی خاوەن سەروەرییە و بۆ هیچ دەوڵەتێک نییە دەسترێژی بکاتە سەر.

3. پێکهێنانی لیژنەیەکی پەرلەمانی بۆ قەرەبوکردنەوەی زیانلێکەوتوانی هێرشەکانی تورکیا و بەسەرکردنەوەی کەسوکاری قوربانییەکان.

د.ع