ئاژەڵەکان دەڵێن لە چنگی مرۆڤ ڕزگارمان کەن

پیاسەیەکی لەم سەر بۆ ئەو سەری شەقامی مەولەوی لە شاری سلێمانی بکەین دەبینین، کە هەموو شتێک دەفرۆشرێت، ئەوە سنووری کاڵاکان تێدەپەڕێنێت و هێزی کاری مرۆڤ دەبڕێت، تا دەگاتە ژیانی ئاژەڵانی سەر شەقام و سەر چیاکان.


چالاکوانانی ژینگەپارێز و ئاژەڵپارێز لە جیهاندا گەیشتوونەتە ئەو قۆناغەی باخچە گەورەکانی ئاژەڵان و سیرکە نێودەوڵەتییەکان هەڵوەشێننەوە و بۆ هەمیشە ئەو پێشێلکارییانەی دژی مافی ئاژەڵان لە مێژوودا بسڕنەوە، بەڵام لێرە، لە کوردستان لە سەر شەقام و لە بەر چاوی هەمووان ئاژەڵەکان دەکرێنە ناو قەفەسەوە و گریان و تەقەلاکانیان لە ناو پیساییەکانیان پیشان دەدرێن.

ئاوڕ نەدانەوە تایبەتمەندیی سەرەکیی شەقامی مەولەوییە، دەروازە کۆنەکەی شارەوانی و تەلارە تازەسازەکان و بینا کۆنەکانی سەردەمی بەعس هەموو لە مەودای دە هەنگاودا دێنە بەرچاوت، بریسکەی کاڵا ساختەکانی پشت جامی دووکانەکان هەناسە لە چاوت دەبڕن و وزەی بۆ ناهێڵنەوە بۆ ئاوڕدانەوە، بۆنی خواردنە جۆراوجۆرەکان و دەنگە تێکەڵەکان لووت و گوێت لە کاردەخەن و هیچ چارەیەکت بۆ نامێنێت جگە لە تێپەڕین.

بۆیە ڕۆژانە هەزاران کەس بە شەقامەکەدا تێدەپەڕن و کەسیش ئاوڕ ناداتەوە، کاتێک کەس ئاوڕ لە بێدەنگی منداڵی ساوای سەر کۆشی دایکی لە ژێر تیشکی هەتاوی ئەیلول ناداتەوە، سەیر نییە گوێی کەسیش بۆ زیکەی پشیلەیەکی سەرجادە  نەجووڵێت، کە لە ناو قەفەسی ژێر پردەکەی شەقامی مەولەوی دەپاڕێتەوە.

قەرەباڵغی شەقامەکە نەک تەنیا دەرفەتی ئاوڕدانەوە، دەرفەتی سەرهەڵبڕین بۆ سەرەوەش نادات، مرۆڤ دەترسێت ئەگەر لەحزەیەک سەری هەڵبڕێت و خۆی گێل بکات لە هەموو ئەو شتانەی دەفرۆشرێن، شەقامەکە دەم بکاتەوە و هەموو ئەو چۆلەکە و کۆتر و پەڕەسێلکانەی بەکۆ بە ئاسمانی شەقامەکەوە دەسووڕێنەوە هەڵلووشێت و بیانکاتە تیکەیەکی چەور بۆ ناو قەفەسەکانی  ژێر پردەکەی مەولەوی.

لە بەیاننامەی مافی ئاژەڵاندا کە لە ٥ی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٧٨ لە پاریس و بە هەوڵی یونێسکۆ نووسراوە جەخت لە مافی ئاژەڵان دەکرێتەوە، لەو بەیاننامەیەدا ئاژەڵان وەک ئەو بوونەوەرانەی لە پێکهاتنی ژیانی سروشتی لەسەر زەوی ڕۆڵیان هەبووە ناودەنرێن.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: مافی هەموو ئاژەڵێکە کە ڕێزی لێبگیرێت و بپارێزرێت لە ڕەفەتاری نەشیاو و توندوتیژ.

هەروەها لە بارەی ئاژەڵە ماڵییەکانەوە نووسراوە: ئەو ئاژەڵانەی پەیوەستی مرۆڤن دەبێت چاودێریی تایبەت بکرێن، نابێت بەڕەڵا بکرێن، هەروەها لە ئەگەری دانانیان بۆ تەماشا (وەک لە سیرکەکان) نابێت هیچ جۆرە توندوتیژییەکیان لەگەڵ بکرێت و پێویستە بەپێی فیزیۆلۆجیی لەشیان ئاگادارییان لێ بکرێت.

لە بەشێکی دیکەدا باس لەوە کراوە، کە هەموو جۆرە کردەوەیەک کە ببێتە هۆکاری مردنیی ئاژەڵ تاوانە، ئەگەریش پێویست بێت ئاژەڵێک بکوژرێت دەبێت لە شوێنی ڕێگاپێدراو و بەخێرایی و بەبێ ئێش ئەنجام بدرێت.

بە بەراوردێکی ئاسایی ئەو بەیاننامەیە لەگەڵ ئەو هەڵسوکەوتەی لە کۆمەڵگاکەماندا بەرامبەر ئاژەڵان دەکرێت تێدەگەیەن، کە هەر کامە لە ئاژەڵ و باڵندە فرۆشەکان، باخچەی ئاژەڵان و کوشتارگاکان نموونەی ڕاشکاوی تاوانن لە دژی ئاژەڵان.

زانکۆ بەخشی، چالاکوانێکی ئاژەڵ پارێز و ئەندامی ڕێکخراوی ڤیگەنەکانی کوردستان لەو بارەیەوە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت و دەڵێت: هەموو هەوڵمان ئەوە بووە خاوەن ئاژەڵفرۆشییەکان هۆشیاربکەینەوە کە ئاژەڵەکانی سەر شەقام بۆ فرۆشتن دانەنێن، چەند جاریش توانیومانە ئەو ئاژەڵانە لە چنگی ئاژەڵفرۆشییەکان ڕزگاربکەین و خۆمان بەخێویان بکەین، هەروەها ئاژەڵفرۆشییەکان لە ئاژەڵەکانیان لە شوێنی تەسک و پیس دا ڕادەگرن و خواردنی پێویستییان نادەنێ، بە واتایەکی تر لەجیاتی پێڕاگەیشتن پێیان ئەشکەنجەیان دەدەن.

زانکۆ تەنانەت باخچەی ئاژەڵانیش بە شێوەیەک لە پێشێلکاری لەدژی مافی ئاژەڵەکان دەزانێت و دەڵێت ئەگەر بەڕاستی دەیانەوێت ئاژەڵەکان ڕابگرن، لەجیاتی باخچەی ئاژەڵان شەڵتەرێک دروست بکەن بۆ ئاگاداری لە ئاژەڵە نەخۆش و بێ پەناکان.

پیاسەی ناو شەقامی مەولەویمان هێشتا تەواو نەبووە، لە گەڕانەوەدا هەوڵمان ئەوە دەبێت ئاوڕ بدەینەوە لە کۆتر و کەڵەشێرەکانی ناو قەفەسەکان، ئەو کەروێشکانەی بەکۆ کراونەتە ناو کارتۆنەوە و لەجیاتی ڕاکردن بەناو دەشتە سەوزەکانی کوردستاندا ناچارکراون لە پاڵ هەشت نۆ کەروێشکی دیکە لەو فەزا تەسکەدا بخزێن، زیکەی و گریانی بەچکە پشیلە و توتکەکان بەئاگامان دێننەوە هەموویان پێکەوە داوامان لێدەکەن لەو دۆخە ڕزگاریان بکەین.

س.ح