دادوەریی عێراق بەتەواویی ڕەوایەتیی بە فرەژنیی دەدات

ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق بە بڕیارێکی زارەکیی داداگای شارەكان ئاگادار دەكاتەوە، کە هەر كەسێك بیەوێت ژنی دووەم مارە بكات، پێویست بە ڕەزامەندیی ژنی یەكەم ناكات، چالاكوانێكی كۆمەڵگای مەدەنییش دەڵێت: هەموو هەوڵێک دەخەینە گەڕ بۆ ڕێگرییکردن لە جێبەجێکردنی.


ڕۆژی ١١ی ئەم مانگە ئەنجومەنی دادوەریی عێراق، سەرجەم دادگای سەرەكیی شارەكانی ئاگادار كردووەتەوە، كە هەر كەسێك بیەوێت ژنی دووەم مارەكە بكات و پێویستە بە ڕەزامەندیی ژنی یەكەم ناكات، ئەو بڕیارەش بەسەرجەم دادوەرانی دادگای كەركوك بەشێوەیەكی زارەكیی وتراوە.

لە ڕابردووش لە عێراق فرەژنیی قەدەغە نەکرابوو، بەڵکو بە وەرگرتنی ڕەزامەندیی هاوسەری یەکەم لەلایەن دادوەرەوە، پیاو دەیتوانی هاوسەری دووەم مارە بکات، لە مادەی ٣ی بڕگەی ٤ی یاسای باری کەسێتیی عێراقدا، ئاماژەوە  بەوەكراوە، هەر پیاوێك بیەوێت ژنی دووەم مارە بکات، دەبێت  دادوەر ڕەزامەندیی لەسەری هەبێت، ئەو حاڵەتەش بە دوو مەرج، دەبێت پیاوەکە لەڕووی مادییەوە تانای بەڕێوەبردنی دوو ماڵی هەبێت، هەروەها هۆکارێکی ڕەوای هەبێت(هاوسەری یەکەم نەخۆش بێت یاخود منداڵی نەبێت)، بە پێی ڕێنمایی ئەنجومەنی دادوەرییش دەبوو دادوەر بە نووسراوی فەرمیی هاوسەری یەکەم ئاگاداربکاتەوە بۆ ئەوەی بچێتە دادگا و بۆچوونی خۆی بڵێت، ئەگەر ژنەکە چووە دادگا و ڕایگەیاند، کە ئەو ڕەزامەند نییە لەسەر ئەو هاوسەرگیرییە، ئەوا هاوسەرگیرییەکە ئەنجام نەدەدرا، بەڵام بەپێچەوانەوە بوایە یانیش لەماوەی پێنج ڕۆژ لەدوای ئاگادارکردنەوەکە سەردانی دادگای نەکردایەوە، ئەوا بەبێ وەرگرتنی بۆچوونی ئەو هاوسەرگیرییەکە دەکرا.

ئەو ڕێنماییە بە ڕادەیەکی زۆر کەم ڕێگریی لە فرەژنیی دەگرت، چونکە زۆر جار هاوسەری یەکەم لەژێر فشاردا ناچار دەکران، کە لە دادگا ڕەزامەندیی نیشان بدەن هاوسەرەکانیان ژنی دووەم بهێنن، بەڵام لەئێستادا ئیدی ئەو بەربەستە بچوکەش نەماوە.

بەهۆی ئەوەی لە هەرێمی کوردستان فرەژنیی قەدەغەیە، ئەو پیاوانەی، کە هاوسەرگیریی دووەمیان ئەنجام دەدا، دەچوونە دادگاکانی عێراق و هاوسەرەکانیان مارە دەکرد، بۆیە نەتواندرا لە هەرێمی کوردستانیش فرەژنیی بە تەواویی قەدەغە بکرێت، ئەم بڕیارەش ڕێگایەکی دیکەیە بۆ زۆربوونی فرەژنی لە هەرێمی کوردستان.

لەبارەی ئەو بڕیارەوە، ڕاوێژكاری یاسایی، شادیە جەلال، لەدادگای کەرکوک، بە ڕۆژنیوزی وت، کە سەرۆكی دادگای كەركوك، سەرجەم دادوەرەكانی لەو بڕایرە ئاگادار كردووەتەوە و بە زمانێکی ڕەخنە ئامێزانە و بە نیگەرانییەوە وتی:"یاسایەك نیە بەرگریی لە مافەكانی ژنانی عێراق بكات، تاکو بڵێین ئەو بڕیارە پێشلكارییە بۆ مافی ژنان".

نابراو، ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەو بڕیارە دەبێتە هۆی زۆربوونی رێژەی جیابوونەوە ودۆخی خێزان تێک دەدات.

سەبارەت بە جێبەجێکردنی بڕیارەکەش، شادیە جەلال وتی:"هەر بڕیارێك ئەنجومەنی دادوەریی دەری بكات دەبێت بە یاسا و دەبێت جێبەجێ بكرێت".

هەروەها، سروود ئەحمەد، بەرپرسی لقی كەركوكی كۆمەڵەی هێوای عێراقی، ئاگایی خۆی لە بڕیارەکە نیشاندا، کە بۆ سەرجەم دادگاکانی سەر بە حکومەتی عێراقە نەک تەنیا کەرکوک و وتی:"بڕیارەکە پێشێلكردنی مافی ژنان و دەستوری عێراقییە".

سروود ئەحمەد، ئاماژەی بە حاڵەتێکی زۆر مەترسیدار و نامۆ کرد و وتی: ئێمە ئاگادارین گەر ژنی یەكەم ڕازی نەبێت هاوسەرەکەی ژن دووەم بهێنێت، ئەوا دادگا و پیاوەکە ئەو ژنە ڕەوانەی لای لیژنەی پزیشکیی دەروونی دەکەن و تۆمەتێکی دەدەنە پاڵ، کە گوایە ئەو ژنە نەخۆشیی دەرونیی هەیە، بەمەش بیانوویەک بۆ هێنانی ژنی دووەم دورست دەکەن.

لەبارەی هەوڵەکانی ئەوان بۆ هەڵوەشانەوەی ئەو بڕیارە، بەرپرسی لقی كەركوكی كۆمەڵەی هێوای عێراقی وتی:"ڕێگە بە وەها بڕیارێك نادەین كە پێشلێی گەورەی مافی مرۆڤ و ژنان بكات، هەموو هەوڵەكانمان دەخەینە گەڕ لەڕێگای ڕێكخراوەكان و لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجومەنی پارێزگا، بۆ ئەوەی ڕێگا بەجێبەجێکردنی بگرین".

ش.ف