سەیدسادق، بەهۆی پێنەدانی مافەکانیان کرێکارانی کۆمپانیایەکی تورکی مانیان گرت

لە بەرامبەر پێنەدانی كرێی كاركردنییان بۆ ماوەی زیاتر لە حەوت مانگ، ئەمڕۆ كرێكاران و شۆفێرانی كۆمپانیایەكی توركی دەستیان لە كارەكانیان لە درووستکردنی جووت سایدی هەڵەبجە سەیدسادق هەڵگرت و راشیانگەیاند: تا وەرگرتنەوەی مافەکانیان دەستبەکار ناکەنەوە.


ئەمڕۆ لەسەر ڕێگای سەرەكی سەیدسادق – هەڵەبجە و نزیک گوندی ناوگردان، بە شێك لە كرێكار و شۆفێرانی كۆمپانیای ئەكینچیلەری توركی، لە گردبوونەوەیەكی ناڕەزایەتیاندا كاركردنییان لە پرۆژەی ڕیگای سەرەكی هەڵەبجە – سەیدسادق ڕاگرت و لە كۆنگرەییەكی ڕۆژنامەنووسیشدا هۆكارەكه‌یان خستەڕوو.

لە كۆنگرە ڕۆژنامە نوسییەكەدا هاوكار حەسەن، بەناوی كرێكاران و شۆفێرانی كۆمپانیای ئەكینچیلەر ئاماژەی بەوەكرد، بە بیانووی قەیرانی دارایی و خەرجنەكردنی پارە بۆ كۆمپانیاكەیان، ماوەی زیاد لە حەوت مانگە زیاد لە ٥٠٠ كرێكار و شۆفێر هیچ بڕە پارەیەكمان وەرنەگرتووە، و بەشێكی زۆرمان ڕووبەڕووی قەرزێكی زۆر بووینەتەوە، تەنانەت كرێكارمان هەیە خانوو ئۆتۆمبێلی فرۆشتووە بۆ پێدانەوەی قەرزەكانی.

وتیشی: ئێمە زانیاریمان هەیە كە كۆمپانیای ناوبراو چەكی پارەی وەرگرتووە و بەمەبەست چەكەكان ناكات بە پارە و هەر جارەی بیانوویەك داواكارییەكانی ئێمە جێبەجێی ناكات، بۆیە ئێمە بڕیارمانداوە كە لە ئەمڕۆوە كاركردن لەم پرۆژەیەدا ڕابگرین تا ئەو كاتەی كە بەرپرسانی حكومەتی هەرێم و كۆمپانیای ئەكینچیلەر دێنە سەر هێڵ، هاوكات دەستیش بەسەر هەموو ئەو ئامێر و كەرەستانەدا دەگرین كە بۆ كاركردن لەم ڕێگایەدا هێنراونەتەوە سنوورەكە.

نوێنەری ئەو كرێكار و شۆفێرانەی كە كار لە پرۆژەی ستراتیژیی رێگای سەیدسادق - هەڵەبجە دەكەن، زیاتر دواو وتی: چەندین جار هەوڵمانداوە كە گرفتەكەمان بگەیەنینە بەرپرسانی ئیداری سنوورەكە و هەروەها بەرپرسانی حكومەت، بەڵام ئەوان ئامادە نەبوون گوێ‌ لە داواكارییەكانمان بگرن، هەروەها ماوەی چەند ڕۆژێكیشە بەرپرسانی كۆمپانیای ئەكینچیلەر تەلەفۆنەكانیان داخستووە و ئامادە نین وەڵامی هیچ كرێكار و شۆفێرێكیش بدەنەوە.

ڕێگای سەرەكی دوو سایدیی سەیدسادق – هەڵەبجە، درێژیەكەی ١٨ كیلۆ مەترە و لە مانگی ئەیلولی ٢٠١٢ دەستكراوە بە كاركردن تێیدا و بڕی ١٨٨ ملیارد دیناری بۆ تەرخانكراوە، لە ئێستادا زیاد لە ٨٠٪ی كارەكانی تەواو بووە.

س.ح